کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ گۆڕینی ڕوانگەی خەڵک

12:39 - 21 خاکەلێوه 2724

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، سپای پاسداران لە پارێزگای سنە لەژێر ناوی "ڕەزمایشی هاودڵی و یارمەتیی مۆئمێنانە" دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک پاکێجی خۆراک و کەرەستەی نێوماڵ بە سەر خەڵکدا.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتانە ئەمانوڵڵا گەشتاسبی فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەس لە سنە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە سەبارەت بەم پاکێجانە ڕایگەیاندووە کە بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە ٨ میلیارد تمەن پاکێجی خۆراک و کەرەستەی نێوماڵ لەلایەن سپای پاسدارانەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم وتانەی گەشتاسبی و هەوڵەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە کوردستان لەکاتێکدایە کە ساڵانە سەدان میلیارد تمەن لە داهاتی سامانە سرووشتییەکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە وەک کانزاکانی زێڕ و ئاسن لەلایەن ڕێژیم و سپای پاسدارانەوە بە تاڵان دەبرێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە سپای پاسداران لە کاتی پێویستدا ئەم هەوڵانە بۆ چەواشەکاری و گۆڕینی ڕوانینی خەڵک و هەروەها سڕینەوەی تاوانەکانی، ئەنجام ئەدات.

پێشتریش لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەندان و شانۆی هەڵبژاردنەکاندا، سپای پاسداران لە کوردستان لەم جۆرە هەوڵانەی بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ ئەم بۆنانە، ئەنجام دابوو.

پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی "ئێرشاد"ی ڕێژیمەوە لە تاران و دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕۆڵی سەرەکیی لە سەرکوتی ناڕازییان لە ئەستۆ گرت.

سپای پاسداران دەیهەوێت کە لەم ڕێگایەوە پەردە بە سەر تاوانەکانی خۆی لە کوردستاندا بکێشێت و لە هەژاری و دەستکورتی خەڵکیش بۆ ئەم مەبەستە کەڵک وەربگرێت.

شایانی باسە کە یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکان هەژارهێشتنەوەی خەڵک و  سەرقلکردنیان بە پرسە ئابورییەکانە تاکوو بتوانێت لەو ڕێگەوە پێش بە سەرهەڵدانەکان و داواکارییەکانی خەڵک بگرێت.