کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە دوو حەفتەیە کە شاعێرێکی خەڵکی ئیلام بێسەروشوێنە

17:03 - 21 خاکەلێوه 2724

حوسێن باقری ناسراو بە ژاکان باران، شاعێر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، خەڵکی ناوچەی مەڵەکشایی لە پارێزگای ئیلام، لە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی نوێدا ویستوویەتی لە شاری سۆران لە باشووری کوردستانەوە بچێتە وڵاتی تورکیە، کە تاکوو ئێستا بێسەروشوێنە و چارەنووسی ناڕوونە.

ژاکان باران ئاخرین جار لە نزیک سنووری تورکیە لەگەڵ هاوڕێکانی پێوەندیی گرتووە و دوای ئەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ژاکان باران کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، چەند ساڵ پێش بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵی و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بێ.

ناوبراو لە دوای دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، وەکوو یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەیجی ژیانی ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کەوتە ژێر گوشارەوە.

هەر لەمبارەوە عەبدولوەهاب بەخشەندە، دادستانی گشتیی پارێزگای ئیلام، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە تلویزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لە ژاکان باران کرد و وتی کە ناوبراو بە سزای کارەکانی دەگەیێنن.

شایانی باسە کە بێسەروشوێنبوونی ژاکان باران، نیگەرانیی بنەماڵە و هاوڕێیانی ناوبراوی بەدواوە بووە و ئەوان ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دۆخی ژاکان باران بە بەرپرسیار دەزانن.