کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی نووسەرێکی کورد لە سەرپێڵی زەهاو

11:18 - 22 خاکەلێوه 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، دوکتور لوقمان قەنبەری، نووسەر و وەرگێڕی کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە ماڵەکەی خۆیدا لەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە نزیکەی ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم نووسەرە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەک لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

لوقمان قەنبەری، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە و ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاندووە: وەرگێڕانی کتێبی "کردها در خاورمیانە ناآرام"، یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم وەرگێڕە کوردەیە کە بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی چاپ لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لەلایەن وەشانگەی "کتاب ارزان"، لە سوید چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لێپرسەکانی ئیتلاعاتی سپا پێوەندیی لوقمان قەنبەری لەگەڵ ئووفرا بێنگیو، نووسەری ئەم کتێبەیان، نیشانەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل زانیوە.

لوقمان قەنبەری دوکتورای زانستە سیاسییەکانی هەیە و وەرگێڕانی کتێبی  "کُردها در ایران: گذشته، حال و آینده" لەلایەن ناوبراوەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.