کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی شەقامەکانی ورمێ هێڵی هاتوچۆیان نییە

11:18 - 23 خاکەلێوه 2724

هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاندووە کە زۆربەی شەقامەکان لە ورمێ، هێڵی هاتوچۆیان نییە و ئەمە جیا لە پێکهێنانی ترافیک، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.

بە وتەی محەممەد ئەشکەوانی کارناسی هاتوچۆ، هەبوونی ئەم هێڵانە کاریگەریی زۆری لە ڕێکوپێکردنی هاتوچۆی ماشینەکان و خەڵک هەیە و نەبوونی ئەم هێڵانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ماشینەکان تووشی پێکدادان بن.

هەبوونی ئەم هێڵانە جیا لەوەی کە ترافیکی شەقامەکان کەم دەکاتەوە، دەبێتە هۆی پارێزرابوونی مافی هاتوچۆی خەڵک و شۆفێرەکانیش.

بە وتەی ئەم کارناسەی ڕێژیم، ئەم هێڵانە بە هۆی بارینی باران و بەفر، تەپوتۆز، ڕێخشانی تایەی ماشینەکان، جۆر و کوالێتیی ڕەنگەکە، وردەوردە لەنێو دەچن.

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەدڕەزا ڕەزایی کووچی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی عومرانی مەجلیس سەبارەت بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە نەورۆزی ئەمساڵدا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی پشووی نەورۆزیدا، نزکەی ١٠٠٠ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین ڕوووداوەکانی هاتوچۆ لە ماشینەکانی جۆری سایپا و ئیران خۆدرۆ ڕوویان داوە و هۆکارەکەشی نەبوونی کوالێتی لەم جۆرە ماشینانەدایە.

گیانلەدەستدانی خەڵک لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، جیا لەوەی کە پێوەندیی بە کوالێتیی ماشینەکانەوە هەیە تا ڕادەیەکی زۆریش پێوەندیی بە ڕێوشوێنەکانی هاتوچۆ و ڕێگاکانەوە هەیە کە نەبوونی هێڵەکانی هاتوچۆش یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرینەی بەرپرسانی ڕێژیم، هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە ناشارەزایی و ڕەچاونەکردنی یاساکانی هاتوچۆ لەلایەن خەڵکەوە ناو دەبەن و لە قەبووڵکردنی بەرپرسایەتیی ڕوووداوەکان و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خۆ دەبوێرن.