کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەهپادەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتە هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی

19:27 - 23 خاکەلێوه 2724

ماڵپەڕی هەواڵی بیزینس ئینسایدەر ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ خاکەلێوە، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دا کە پەهپادە دروستکراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە، پەهپادەکانی کۆماری ئیسلامی و کۆپیەکانیان، ئێستا لە ئۆکراین تا سودان لە بەرەکانی شەڕ جێگیر کراون و بەکارهێنانی ئەم پەهپادانە لە شەڕە جۆراوجۆرەکانی جیهان سەبارەت بە زیادبوونی ناسەقامگیریی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا نیگەرانییەکانیان زیاد دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی گەمارۆکانی دەیان ساڵەی ڕۆژاوا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داهێنان لە بەرهەمهێنانی چەکی داوە و لە ئێستادا پەهپادی وەک چارەسەرێکی سەربازی ناساندووە.

شایەنی ئاماژەیە کە، تەنیا کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی نین کە ئەو پەهپادانە بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ شەڕەکان دەزانن، بەڵکوو ئێستا هەندێک وڵاتی دیکەی جیهان ئیلهامیان لە پەهپادەکانی کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم حەفتەیەی بلومبێرگ، لانیکەم شەش وڵات لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی پەهپادیان بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیانەوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پەهپاد بە ڕووسیە نافرۆشن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامە و ڕاپۆرتەکان پێچەوانەی ئەم بانگەشەیە نیشان دەدەن.

هاوکات مەتیۆ مەک ئینیس، ئەفسەری هەواڵگریی پێنتاگۆن و نوێنەری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لەو چوارچێوەیەدا هۆشداری دا کە "ڕووسیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زانیاریی چەک لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕ دەکەن و ئەم پرسە بەقەد ئاڵوگۆڕی کەرەستەی سەربازی گرینگە".

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دراوە کە پێدەچێت کاریگەریی پەهبادەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەرەوەی ڕووسیەش تەشەنەی کردبێ.