کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووچەڵکردنەوەی ٩٩٪ی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

10:18 - 26 خاکەلێوه 2724

دوابەدوای هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل، شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە دڕۆن و مووشەک هێرشەکانی خۆی بۆ سەر خاکی ئیسرائیلی دەست پێ کرد.

لە یەکەمین هەواڵەکاندا کە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵای لوبنان هێرشی کردووەتە سەر گومەزیی ئاسنینی ئیسرائیل.

لە سەرەتای هێرشەکەدا، میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئێران بە ئاراستەکردنی ٥٠ دڕۆن بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هێرشەکەی خۆی دەست پێ کردووە.

دواتر هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاند کە لە وڵامی جیانەیەتە بەردەوامەکانی ڕێژیم ئیسرائیلدا لەوانە هێرش بۆ سەر بەشێک لە کۆنسوولخانەی باڵویزخانەی ئێران لە دەمیشق و کوژرانی فەرماندە و ڕاوێژکارانی نیزامیی ئێران لە سووریە، هێزی ئاسمانیی سپا، دەیان مووشەک و پەهبادی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ئەم هێرشانە دانیێل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هێرشە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودایە و بەردەوام کۆنتڕۆڵی دۆخەکە دەکات.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە سیستەمی پەدافەندی ئاسمانی و فڕۆکەی شەڕکەر و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئیسرائیل بە مەبەستی بەرگری لە هەرێمی ئاسمانیی ئیسرائیل کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە  ئیسرائیل لە حەفتەکانی ڕابردوودا خۆی بۆ ئەگەری هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاند: سیستمە بەرگرییەکانی ئێمە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک چ بۆ بەرگری و چ بۆ هێرشکردن ئامادەین. وڵاتی ئیسرائیل وڵاتێکی بەهێزە و ئەرتەشی ئیسرائیل بەهێزە و خەڵکی ئیسرائیلیش بەهێزن.

بە وتەی وتەبێژی هێزی هەوایی ئیسرائیل ٩٩٪ی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتە لەلایەن سەکۆ دژە مووشەکییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە پووچەڵ کراونەتەوە و بە پێچەوانەی ئیدیعا درۆیینەکانی میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران و ڕێژیم لەم هێرشانەدا تەنیا منداڵێکی ١٠ ساڵان بریندار بووە.

هێرشەکەی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەی سەرۆکی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژاوا و ئەمریکای لێ کەوتەوە و لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە مەحکووم کرا.

بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەم هێرشانە وتی: نیگەرانی قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەم. داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە بۆ دووربوونەوە لە هەرجۆرە دەرگیرییەکی نیزامی  لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دان بە خۆدا بگرن.

وەزیری دەرەوەی فەرانسەش ویڕای مەحکوومکردنی هێرشەکان، ئەمەی بە ئاستێکی نوێ لە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتیی جیهان ناو برد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە، نێتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئیسرائیل ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ وڵامی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی دەداتەوە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر لە ٣٠٠ دڕۆن و زیاتر لە ١٢٠ مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی ڕابردوودا ئاراستەی ئیسرائیل کراون کە ڕێژەیەکی کەمیان توانیویانە بچنە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.

ئەم هێرشە دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق هاتە ئاراوە کە تێێدا چەندین کەس لە فەرماندە و ڕاوێژکارانی ڕێژیمی ئێران کوژران.