کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازی ئامریکا، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند

12:32 - 26 خاکەلێوه 2724

پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، یاسادانەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند و جەختیان لە لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران کردەوە.

مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان ڕایگەیاند: لەکاتێکدا ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئەم هێرشە دڕندانەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەبێتەوە ئەمریکا دەبێت ئیرادەی تەواوی خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی لە پاڵ هاوپەیمانەکەیدا بوەستێت و من بەردەوام دەبم لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی داوای وڵامدانەوەی گونجاو بکەم.

چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران وتی: لەکاتێکدا کە ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر، ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوین، ئەمریکاش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پشتگیریکردنی بەرگریی ئیسرائیل لە دژی ئێران.

میچ مەککانل، سەرۆکی کەمینەکانی ئەنجومەنی پیرانیش وتی: لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکەماندا بوەستێت کە بەرگری لە گەلەکەی و سەروەریی وڵاتەکەی دەکات. بایدێن دەڵێت پابەندبوونی ئەمریکا بە ئیسرائیل ئاسنینە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە قسە و کردارەکان هاوتا بکەین.

مایکل مەک کال، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆماریخوازەکانیش رایگەیاند: ئەمریکا لە پاڵ ئیسرائیلی هاوپەیمانیدایە و هێرشەکانی ئێستای ڕێژیمی ئێران مەترسیدارن و گرژییەکان توندتر دەکەنەوە. ئێران و هێزە نیابەتییەکانی دەبێ لەم هێرشە بێباکانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

کورتز ماستۆ، سیناتۆری دێموکراتەکان لە نیڤادا وتی: ئەمریکا بە توندی لە پاڵ ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و هێزە تیرۆریستییەکانی دەوەستێت، من بەردەوام دەبم لە کارکردن لە ئەنجومەنی پیران بۆ ئەوەی ئەو پشتگیرییە پێشکەشی ئیسرائیل بکەم کە بۆ پاراستنی خۆی پێویستیەتی.

جەیسن کرۆ، یاسادانەری دێموکراتەکان لە کۆلۆرادۆوە وتی: من ئیدانەی هێرشەکانی ئێران دەکەم و پشتگیری لە مافی ئیسرائیل دەکەم بۆ بەرگریکردن لە خۆی، دەبێت ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرگریکردن.

دەیڤید ڕۆزەر پارلەمانتاری کۆماریخواز لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور ڕایگەیاند: نزیکترین هاوپەیمانمان ئیسرائیل، ئێستا ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران بووەتەوە ئەمریکا دەبێت شان بە شانی ئیسرائیل بوەستێت و لە هەموو هەنگاوێکی ڕێگاکەدا پشتیوانیی لێ بکات.

لەم پێوەندیەدا شیلا چێرفیلۆس مەککۆرمیک، ماریا ئێلڤیرا سالازار، براندۆن ویلیامز، ماری گلۆسێنکامپ-پێرێز و دەیان یاسادانەرانی دیکەی هەر دوو حزبی ئامریکا بەم شێوەیە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسرائیل نیشان دا و داوای وڵامدانەوەی توندیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.