کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی هێرشەکەی رێژیم بۆ سەر ئیسرائیل نرخی دۆلار بەرز بوویەوە

12:33 - 26 خاکەلێوه 2724

پاش هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل، نرخی دۆلار بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی دوو مانگدا ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و ٧٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند.

نرخی دۆلار ڕۆژی ڕابردوو لە کاتی پەرەسەندنی هەڕەشەکان زیاتر لە هەزار تمەن بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و هەروەها پێشنیوەڕۆی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە و تەنیا چەند کاتژمێر پاش هێرشی ڕێژیم بۆ سەر خاکی ئیسرائیل نزیک بە ٤ هەزار تمەنی دیکە زیادی کرد و بۆ چەند خولەکێک گەیشتە ٧٠ هەزار و ٢٠٠ تمەن.

دابەزینی بێوێنەی بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دراوە دەرکەییەکان لە زستانی ساڵی ڕابردووەوە و لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم دەستی پێ کرد و پاشان بە هۆی گرژییەکان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕیژیم زیاتر پەرەی سەند.

لە کۆتاییدا دابەزینی بەهای ڕیاڵ پاش هێرشی شەوی ڕابردووی ڕێژیم بۆ سەر خاکی ئیسرائیل گەیشتە لووتکە و لە ماوەی کەمتر لە ٣ مانگدا یەک لە چواری بەهای خۆی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکانی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانی، نرخ شتومەک بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و وێدەچێت کە لە داهاتوویشدا بەرزبوونەوەیەکی زیاتر بە خۆیە ببینێت.

بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئێران لەکاتێکدایە کە ڕێژیم لە هەوڵدایە تاکوو لەم ساڵدا نرخی بێنزین و سووتەمەنییەکان زیاد بکات کە چاوەڕوان دەکرێت بەو هۆیەوە نرخی کاڵا و شتومەک زیاتر لە هەمووکات بەرز ببێتەوە.