کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران

12:40 - 26 خاکەلێوه 2724

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی شەممە ٢٥خاکەلێوە، ژمارەیەک پەرستار لە بەردەم ناوەندی ئیدارەی نەخۆشخانەی گۆڵستان و لەبەردەم نەخۆشخانەی " بەقایی ٢" لە ئەهواز و کۆمەڵێک کارمەندی پزیشکی لە بەردەم بینای فەرمانداریی شارستانی با‌غ مەلک کۆبوونەوەی ناڕەزاییەتیان بەڕێوە برد.

هاوکات، کۆمەڵێک جووتیار لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ئەگەری پچڕانی ئاوی ڕووباری زایەندەروود لە بەنداوی ئابشاری ئیسفەهان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ژمارەیەک لە داواکارانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ناوچەی سروشتی چیتگەر لە بەردەم کۆمەڵگەی بازرگانیی ئەلماس لە تاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆ بوونەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی هەینی، کۆمەڵێک کارمەند کە لە کۆمپانیای نەوتی فەلاتی ئێران کار دەکەن لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.