کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد باقری: لە ڕوانگەی ئێمەوە عەمەلیاتەکە کۆتایی پێ هاتووە

17:55 - 26 خاکەلێوه 2724

سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشی دڕۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕوانگەی ئێرانەوە کۆتایی هاتووە و "هیچ نیازێک بۆ درێژەدان بەو عەمەلیاتە نییە.

محەممەد باقری وتوویەتی ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوێک دژی کۆماری ئیسلامی بگرێتەبەر یان لەسەر خاکی ئێمە یان لە ناوەندەکانی سەر بە ئێمە لە سووریە و شوێنەکانی دیکە، عەمەلیاتی گەورەتر ئەنجام دەدرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، عەمەلیاتەکە بەناوی "بەڵێنی ڕاستگۆیانە" بە سەرکەوتنی تەواو لە شەوی ڕابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و هەموو ئامانجەکانی بەدەست هێناوە".

هەروەها ئیدیعای کرد کە بنکەی ئاسمانی نواتیمی ئیسرائیل و بنکەیەک لە باکووری ئیسرائیل کراونەتە ئامانج کە هەردووکیان بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێوچوون .

ئەوە لەحاڵێکدایە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا ئاماژەی بە زیانێکی زۆر زۆر کەم کردبوو کە بەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە باشووری ئیسرائیل کەوتبوو.

بەرپرسی ستادی گشتیی ئێران باسی لە ڕاپۆرتی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە ڕێگری لە ٩٩ لەسەدی هێرشەکان نەکرد و وتی ئەو عەمەلیاتە لە ئاستی تەمێ کردنی ئیسرائیل بوو و تاران بە نیاز نەبوو شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک و ئابووری بکاتە ئامانج.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسەوە پەیامێک بۆ ئەمریکا نێردراوە کە ئەگەر ئەمریکا هاوکاری هەوڵەکانی ئیسرائیل بکات بنکە و پێرسۆنیلی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئەمنییەتدا نابن.

هاوکات لەگەڵ هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دیوارەیەکیان لە گۆڕەپانی "فەلەستین"ی تاران داناوە، کە بە زمانی عیبری و فارسی لەسەری نووسراوە کە " شەپڵاغەی داهاتوو بەهێزترە".