کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی باڵا و کابینەی شەڕی ئیسرائیل بڕیاریان دا وڵامی ڕێژیمی ئێران بدەنەوە

11:33 - 27 خاکەلێوه 2724

بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە زۆرینەی کابینەی شەڕ لەو وڵاتە بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان لە بەرامبەر هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی داوە، هەروەها باس لەوەش دەکرێت لەسەر کاتی ئەنجامدانی عەمەلیاتەکە و قەبارەکەی هێشتا جیاوازی بۆچوون هەیە.

ڕۆژێک دوای هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە ڕایانگەیاند، کابینەی شەڕی بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان داوە، بەڵام ئەوان لەسەر کات و قەبارەی وەڵامدانەوەکە ناکۆکن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، کابینەی پێنج کەسی، کە نتانیاهۆ، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری و بێنی گانتز، وەزیری کابینەی شەڕ دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، ڕۆژی یەکشەممە کۆ بوونەتەوە و بڕیارە جارێکی دیکە بۆ گفتوگۆی زیاتر کۆ ببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تێلگراف"، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پلانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داناوە. پلانەکان لە کۆبوونەوەی کابینەی شەڕدا پەسەند کراون، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئیسرائیل بەنیازە دەستبەجێ هێرشەکە ئەنجام بدات، چونکە ڕۆژاوا داوای لە ئیسرائیل کردووە لەو هەنگاوە خۆی بەدوور بگرێت.

بێنیامین نێتانیاهۆ ڕۆژیک دوای هێرشی ئێران وتی: ''ئەو کەسانەی کە هێرشیان کردە سەر ئێمە، هێرشیان دەکەینەوە سەر، ئیمە سەرەڕای پشوودڕیژی، بە جددییەتەوە کاردانەوە نیشان دەدەین''.

لەلایەکی دیکەوە نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: ''کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورەی کرد. لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە ناوچەکەی وێران کردووە. سەری ئەم هەشتپا ترسناکە لە تارانە و لقەکانی لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریە و غەززەیە. مەلاکان کەسانی دیکە دەنێرن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی ترسناک و ئەوانیش بۆ مەلاکان دەمرن".

شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، ڕێژیمی ئێران ١٨٥ دڕۆن و ٣٦ مووشەکی کروز و ١١٠ مووشەکی زەوی بۆ زەویی ئاراستەی ئیسرائیل کرد کە ٩٩ لەسەدیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە ئاسمان تەقێندرانەوە و تەنیا یەک دامەزراوەی سەربازی لە باشووری ئەو وڵاتە زیانی پێگەیشت.