کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دراو و پشکە جیهانییەکان لە چاوەڕوانیی کاردانەوەی ئیسرائیل بە هێرشەکەی ئێراندان

11:38 - 27 خاکەلێوه 2724

شەوێک پاش هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بازاڕە جیهانییەکان دوای پشووی کۆتایی حەفتەی ڕابردوو، لەژێر سێبەری هێرشی ئێران و چاوەڕوانیی کاردانەوەی ئیسرائیل بە هێرشەکە کرانەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی ئابووریدا پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە و بازاڕە جیهانییەکانی لەم حەفتەدا خستووەتە بەر باس.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پاش کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی زێڕ و دۆلاری ئەمریکا جێگیر ماوەتەوە.

ڕۆیتێرز لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بازاڕە جیهانییەکان بە گشتیی لە چاوەڕوانیی وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێراندان تاکوو جووڵەی سەرەکی و گەورەی خۆیان دەست پێ بکەن.

ڕۆیتێرز ئاماژەی بەوەش داوە کە یێنی ژاپۆن پاش کرانەوەی بازاڕەکان دابەزینێکی بێوێنەی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بە خۆیە بینیوە، هەر چەند کە دابەزینی یێن ماوەیەک پێش ئێستە دەستی پێ کردبوو.

شایانی باسە کە پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و پەرەسەندنی گرژییەکان لە مانگەکانی ڕابردوو و هەروەها ئەگەری پێکدانانی ئیسرائیل و ئێران، نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد.

١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو گرووپی حەماس بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل و ١٢٠٠ ئیسرائیلی کوشت و زیاتر لە ٢٢٠ کەسیشی بە بارمتە گرت و بوو بە دەسپێکی خولێکی تازە لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.