کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارەکان باس لە دابەزینی تەمەنی هیوا بە ژیان لە ئێران دەکەن

11:49 - 27 خاکەلێوه 2724

ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی لە ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە نێونجی تەمەنی مردن ٦٦.٢ ساڵە و ڕێژەی مردن لە ئێراندا لە ساڵی ١٤٠٢دا لە هەر هەزار کەس،  ٥.٣ بووە.

ئاماری تۆمارکردنی باری کەسێتی دەریدەخات کە تێکڕای تەمەنی مردن لە ساڵی ١٣٩٧دا نزیکەی ٦٦.٩ ساڵ بووە. بە واتایەکی تر لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا تەمەنی مردن لە وڵاتدا دابەزیوە.

هەروەها ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی نیشانی دەدات که هیوا بە ژیان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ هەتا ٢٠٢١، لە ٧٦ ساڵەوە بۆ ٧٤ ساڵ دابەزیوە، هەروەها ڕێژەی مردنی ئاسایی بۆ هەر هەزار کەس لە ئێران لە ماوەی ئاماژەپێکراودا لە پێنج کەسەوە بۆ شەش کەس زیادی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کەمبوونەوەی تەمەنی هیوا بە ژیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی جیهان ڕووی دا، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە لە بواری هیوا بە ژیانەوە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ئەم پێوەرە بوونەتەوە، ئێران بەردەوام لە دابەزیندایە.

وردەکاریی ئاماری سەرژمێری دەریدەخات لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا، بەرزترین نێونجی تەمەنی مردن بە ٧١.٣ ساڵ لە پارێزگای گیلان و کەمترینیش بە ٥٠.٧ ساڵ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانە کە هەژارترین پارێزگایە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی و وەزارەتی تەندروستیی ئێران، باوترین هۆکاری گیانلەدەستدانی خەڵک لە ئێران بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد بریتین لە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار، ١١ لەسەد شێرپەنجە و هەروەها ١٠ لەسەد نەخۆشییەکانی هەناسەدان .

جێگەی ئاماژەیە کە وڵاتانی قەتەر، کوەیت، بەحرەین و ئیمارات لە ڕووی ئەم پێوەرە دۆخێکی زۆر باشتریان هەیە و تەمەنی هیوا بە ژیان لەم وڵاتانەدا پێنج ساڵ لە ئێران زیاترە.