کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا ٨٠ دڕۆن و ٦ مووشەکیان تێک شکاند

16:03 - 27 خاکەلێوه 2724

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ دڕۆنی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە و لانیکەم ٦ مووشەکی بالستیکیان تێک شکاندووە کە شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممە لە ئێران و یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن سێنتکامەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کراوەتەوە، هاتووە ئەم ژمارەیە یەک مووشەکی بالستیک و حەوت دڕۆن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن لەخۆ دەگرێت، کە پێش هاویشتینیان بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو بران.

ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و دڕۆنی  بەکار هێناوە کە زۆربەیان لە نێوخۆی ئێرانەوە هاویشتراون. ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو لە ڕاستای پشتیوانی لە ئیسرائیل ژمارەیەک لەو مووشەک و دڕۆنانەی دوای شوێن هەڵگرتنیان لە ئاسمان تەقاندووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، وتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕایگەیەند کە ٩٩٪ی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتە پووچەڵ کراونەتەوە.