کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی نەوسوود کۆچی دوایی کرد

10:56 - 15 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە، کاک ئەحمەد کەرەمی پێشمەرگەی پێشووی حیزب دێموکرات و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزب دێموکرات بە ناوی نەوید کەرمی خەڵکی گوندی نەیسانە سەر بە شاری نەوسوود لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

کاک ئەحمەد لە سەرەتاکانی راپەڕینی گەلانی ئێران وێڕای برا گەورەکەی بە ناوی بارام، چەکی بەرگری لە زێد و نیشتمانەکەیان کردە شان و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرگریان لە نەتەوە و نیشتمانەکەیان کرد.

ئەگەرچی جەبری ژیان بووە هۆکارێک کە کاک ئەحمەد بگەڕێتەوە لای منداڵەکانی، بەڵام هەتاکوو دوا هەناسە وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەری حیزبی دێموکرات بوو.

کوڕێکی کاک ئەحمەد بە ناوی محەممەد کەرەمی ناسراو بە نەوید پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و لە ڕیزەکانی حیزبدا خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری کاک ئەحمەد دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.