کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی چەند فەرماندەیەکی حیزبوڵلای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند

11:35 - 29 خاکەلێوه 2724

لە درێژەی گرژی و تێکهەڵچوونەکان لە سنووری لوبنان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان سێ چەکداری حیزبوڵڵا کە دوو کەسیان فەرماندە بوون، کوژران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، محەممەدحوسێن شاهووری، فەرماندەی یەگانی مووشەکیی ناوچەی ڕۆژاوا، کە هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل کۆنتڕۆڵ دەکات و هەروەها مەحموود ئیبراهیم فەزلوڵڵا ئەندامی یەکەی مووشەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کوژران.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئیسماعیل یووسف باز، لە هێرشێکی جیای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کوژرا.

دوابەداوی هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل لەهەمبەر پەرەدانی هێرشەکان بۆ سەر خاکی  لوبنان، لە ئەگەری نەکشانەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە سنوورەکان، دەرگییرییەکان لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم هێرشانەدا لانیکەم ٣٦٣ کەس کوژراون کە ٢٤٠ کەسیان ئەندامی حیزبوڵڵا و ٧٠ کەسیان مەدەنین. لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی بوردومانەکان کە لە باشووری لوبنانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ١٠ سەرباز و ٨ کەسی مەدەنی لە ئیسرائیل کوژراون.

هەر لەو پێوەندییەدا هاوکات کە کابینەی شەڕی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشەکەی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەبرد، ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە وڵامی ئەم هێرشەدا ئیسرائیل گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە سووریە و لوبنان دەکاتە ئامانج.