کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر تاران

11:44 - 29 خاکەلێوه 2724

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆشکی سپی ژمارەیەک گەمارۆی نوێ بە دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند دەکات.

جەیک سالیوان بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا چاوەڕوانە کە هاوبەشەکانی بە زووترین کات گەمارۆ بخەنە سەر ئێران ڕایگەیەندووە، ئەم سزایانە بۆ سەر بەرنامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی تاران و هەروەها سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری و بە مەبەستی پێشگرتن بە توانا سەربازییەکانی ئێران دەبێت.

سالیوان جەختی کردووەتەوە کە لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و لە چوارچێوەی هاوکاریکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمریکا لە هەموو جیهاندا، بۆ وڵامدەرکردنی تاران بە هۆی هەوڵە دوژمنکارانە و تێکدەرانەکانی، هیچ دوودڵییەک ناکەن.

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زیادی کردووە کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ کەس و دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی بە هۆی پێوەندی لەگەڵ تێرۆریزم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بازرگانیی نایاسایی و پشتیوانیکردن لە میلیشیا تێرۆریستییەکان، سزا داوە و گەمارۆی خستووەتە سەریان.

باسکردنی دەوڵەتی ئەمریکا لە گەمارۆی نوێ بۆ سەر تاران پاش ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی چاوەڕواننەکراو لە سەرەتای حەفتەدا بە سەدان مووشەک و دڕۆن، ڕاستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل.