کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیم لە قوتابییان و مامۆستایان بە ناوی گەڵاڵەی نوور

16:04 - 30 خاکەلێوه 2724

پاش دەسپێکردنی گەڵاڵەی "نوور"، لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سەرچاوەکان باسیان لە هەڕەشەی سزای نەختیی لە قوتابییان و هەروەها هەڕەشەی دانەمەزراندن بە شێوەی فەرمی لە مامۆستایان کردووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش دەسپێکی گەڵاڵەی نوور، جێگری پەروەردەی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سنە، هۆشداریی داوەتە قوتابییان و مامۆستایان کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ بەرەوڕووی سزای نەختی دەبنەوە.

ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە بە مامۆستایان ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر بە حیجابی زۆرەملێ لە نێو قوتابخانە و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانی وەک شەقامەکانیش پێبەند نەبن، ئەوە لە کاتی دامەزراندنی مامۆستا پەیمانییەکان بە شێوەی فەرمی کاریگەر دەبێت و ڕێگە بە دامەزراندنی فەرمییان نادرێت.

کوردپا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی نوور لە شاری سنە زیادی کردووە کە وەنەکانی گەشتی ئێرشاد هاوتەریب لەگەڵ هێزێکی زۆری لیباس شەخسی و سەرکوتکەر لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە بە مەبەستی بەرەوڕووبووونەوە لەگەڵ ژنان جێگیر کراون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکە و لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی خەدیجە مێهدیپوور بەندکراوی پێشووی سیاسی بە هۆی حیجابی زۆرەملێوە هاتووە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلیوە ناوبراو لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم هەواڵدەرییە خەدیجە مێهدیپوور بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە لێدان لەبەر چاوی خەڵکەوە لەسەر شەقام دەسبەسەر کراوە و پاشان بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنییەت ڕاگوێزراوە.

ناوبراو ئامادە نەبووە بەڵێننامەی پێبەندبوون بە حیجابی زۆرەملێ لەو بنکەیە واژۆ بکات و پاش دوو کاتژمێر ئازاد کراوە.

 

 

کوردپا لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەیدا ئاماژەی بە داخستنی شوێنی گەشتیاریی "شانشین" لە مەریوان بە هۆی ژەندنی ئامێرەکانی مۆسیقا لەلایەن کچانەوە کردووە.

بەرپرسانی ئەم شوێنە گەشتیارییە ڕایانگەیاندووە کە دوو ڕۆژ پێش لە نەورۆز گرووپێکی مۆسیقای منداڵان دوای بەربانگ، مۆسیقایەکیان پێشکەش بە دایک و باوکانی خۆیان کردووە کە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربوونە.