کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەبارەت بە وڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانە ڕێژیم لە دەمیشق، هۆشداری بە تاران دا

11:20 - 15 خاکەلێوه 2724

ڕۆژێک پاش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق، ئەمریکا سەبارەت بە هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە لە وڵامی ئەو هێرشەدا، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم دانیشتنێکی بەپەلەی بەڕێوە برد.

نوێنەری ئەمریکا لەو دانیشتنەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لەو هێرشەدا نەبووە ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی لەلایەن میلیشیاکانەوە وەک کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخەکە، هۆشدارییەکانی دووپات ناکاتەوە.

ئەم وتانەی نوێنەری ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا لە کاردانەوە بە قسەکانی زەهرا ئێڕشادی جێگری نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە قسەکانیدا ئەمریکای بە بەرپرسیار لە هەموو هەوڵەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زانی.

ئێڕشادی لە قسەکانیدا سەبارەت بە کاردانەوەی ڕێژیم سەبارەت بەهێرشەکەی دەمیشق، هەڕەشەی کردبوو.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابڕدوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختی کردبووەوە کە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەمیشقدا نەبووە.

هەروەها کۆشکی سپی بە نیسبەت وتەکانی ئەمیرعەبدوڵلاهیان وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە تاوانبارکردنی ئەمریکا لە هێرشەکەدا، کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەو قسانە بێبنەمان.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕابردووشدا سەبارەت بەم چەشنە هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانیان لە ئێران و ناوچەکەدا، ئەمریکای وەک پشتیوانی سەرەکیی ئیسرائیل بە بەرپرسیار زانیوە.

 

 

جێی ئاماژەیە کە ڕێژیم ترسی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و هەر بەو بۆنەیەوە چەندجار بە بیانووی تۆڵە لە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان تاکوو لەو ڕێگەیەوە لایەنگرانی لە نێوخۆی ڕێژیم، ڕازی بکات.