کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«خولیاکانی کەوشەنی با» بەرگی سێ و چواریشی چاپ و بڵاو بوونەوە

00:20 - 31 خاکەلێوه 2724

"خولیاکانی کەوشەنی با»، کۆکراوەی حەکایەتە فۆلکلۆرەکان بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوون و خۆتەرخانکردنی بنەماڵەی جەوانشیر بەرگەکانی سێ و چواریشی چاپ و بڵاو بۆوە. بەرگەکانی یەکەم و دووهەمی ئەو کۆکراوە بەنرخە ئەدەبییەی کوردی ساڵی ١٤٠١ بڵاو ببۆوە و بەرگی پێنج و شەشی کتێبەکەش کۆتایییان هاتوە و  ئامادەکارەکانی هیوادارن لە ساڵی داهاتوودا ئەوانیش چاپ ببن.

حوسێن جەوانشیر لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە دەڵێ «بێگومان کۆکردنەوەی حەکایەتە فۆڵکلۆرەکان دەبوو زۆر زووتر و لە کات و ساتێکی ترا کۆ کرابانەوە کە بەداخەوە نەکراوە. بۆیەش لە ئێستەدا کۆکردنەوەیان زۆر جار ئەستەم و دژوارە؛ لەبەر ئەوەی ئێستە ئیتر زۆربەی هەرە زۆری حەکایەتبێژەکان بە خۆیان و حەکایەتەکانیانەوە ژیانیان جێ‌ هێشتووە و لە ژیاندا نین.»

حوسێن جەوانشیر شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی بەهەست و قەڵەم‌پاراو بۆ زیاتر ناساندنی ئەم کۆبەرهەمە لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکان کە «هەرچەند ئێمە بیست ساڵ لەمەو بەر ئەم کارەمان دەست پێ کرد و ئەودەم هێشتا دەمانتوانی تاک‌وتەرا حەکایەتبێژ و هەروەها کەسانێک کە هێشتا حەکایەتەکانیان لەبیر مابوو بدۆزینەوە و تۆماریان کەین و پاشان بیاننووسینەوە، بەڵام مخابن ئێستە کارەکە سەخت و دژوار بۆتەوە.»

حوسێن، بێهناز و شەهناز جەوانشیر خوشک و برا و ئەندامی بنەماڵەیەکی ئەدەبدۆست و فەرهەنگیی ئاوایی ساروجەی سەر بە شاری ساین‌قەڵان کە بەو پڕۆژە بەبایەخەوە توانیویانە زۆرترین حەکایەتە کوردییەکان لە مردن ڕزگار بکەن و بەم کارە بەشێکی گرینگ بۆ سامان و پاشخانی دەوڵەمەندی وێژەی زارەکیی کوردی بگەڕێننەوە.

ئەم خوشک و برا بەهەست و ماندوویی‌نەناسانە لە ئێستادا سەرقاڵی کاری کۆکردنەوەی بەرگی حەوتی ئەو پڕۆژەکتێبەن. «زایەڵەی شارێکی سوور»، «بەتاڵێکی بەتاڵ» دوو کۆمەڵە چیرۆک لە نووسینی شاناز جەوانشیر، «هەتاهەتا درەنگان» کۆمەڵە شێعری بێهناز جەوانشیر و «باخچەی پاشا» و «زامێک بە سنوورەکانی جیهانەوە» وەرگێڕان و شێعری  حوسێن جەوانشیر چەند بەرهەمێکی چاپکراوی دیکەی ئەو بنەماڵە نووسەر و قەڵەم‌بەدەستەی کوردستانن.