کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەورۆزی ئەمساڵدا ٤٣ کۆڵبەر کوژران و برینداربوون

11:25 - 15 خاکەلێوه 2724

لەگەڵ هاتنی ساڵی تازە و دەستپێکی نەورۆز ٤٣ کۆڵبەر لە سنوورە دەستکردەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی ''کوردپا'' لە ماوەی ١١ ڕۆژ لە نەورۆزی ١٤٠٣، سەرجەم ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، پیرانشار، سەردەشت و مەریوان کوژراون، و هەروەها ٣٦ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

لەو ٧ کۆڵبەرە کە کوژراون ٢ کۆڵبەر لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٢ کۆڵبەر لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردووییەوە و ١ کۆڵبەر بەهۆی جەڵتەی دڵ لەژێر زەخت و گوشاری کۆڵبەریدا گیانیان لەدەست داوە.

 یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی هەستیار عەبدولکەریمی، خەڵکی دیواندەرە کە تەمەنی لە  ژێر ١٨ ساڵ بوو ، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "مێشاو"ی سەقز گیانی لەدەست داوە.

هەروەها ٢ کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی میلاد حوسێنی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو و هەروەها میلاد محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی بەربوونەوە لە سنووری نەوسوود برینداربوو، و دوو ڕۆژ دوایی ئەوە باوکی ناوبرا محەممەدبایر محەممەدی، لە سنووری نەوسوود لەژێر گوشاری کۆڵبەریدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.