کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی گرووپی حەوت لە پشتیوانکردنی ئیسرائیل و ئامادەکاری بۆ گەمارۆی زیاتر دژی ئێران

12:36 - 1 بانەمەڕ 2724

وەزیرانی دەرەوەی "گرووپی حەوت" هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلیان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند که ئامادەن له بەرانبەر کردەوە شەڕەنگێزەکانی ئێران سزای زیاتر بە سەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنن.

وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی پیشەسازی ناسراو بە گرووپی حەوت ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە دوای کۆبوونەوەیان لە شاری کاپری ئیتاڵیا ئەم بەیاننامەیەیان بڵاو کردەوە.

لە بەشی یەکەمی بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا، ئەمریکا، ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا، ئیتالیا، کانادا و ژاپۆن هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل مەحکووم کرد، کە بە وتەی خۆیان بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل پووچەڵ کراون و ئەو کارانەیان بە زیادبوونی مەترسیی گرژییەکان وەسف کرد.

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا دەسبەسەرداگرتنی کەشتیی "MSC Ariz" کە بە ئاڵای پۆرتەغاڵ لە نزیک گەرووی هورمۆز لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، مەحکووم کراوە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناویان برد.

ئەم بەیاننامەیە جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانیی گرووپی حەوت لە وڵاتی ئیسرائیل و بەرگری لە ئەمنییەتی ئەم وڵاتە کردەوە و بە ئاماژەدان بە هێرشی ڕۆژی هەینیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، داوای لە هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان کرد کە خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدوور بگرن.

هەروەها ئەو حەوت وڵاتە داوایان لە ئێران کردووە دەست لە پشتیوانیی گرووپە میلیشیاکان و ئاڵۆزییەکان هەڵبگڕیت.

هەروەها لە بەیاننامەی گرووپی حەوتدا هاتووە: ئێمە لە بەرامبەر کردەوە ناسەقامگیری و زیانبەخشەکانی ڕێژیمی ئێران لێپرسینەوە دەکەین و ئامادەین سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنین و لە وڵامی ئەو کردەوە و گرژییانە هەنگاوی دیکەش بەرامبەر ئەو وڵاتە دەگرینەبەر.

لەو بەیاننامەیەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی هاوبەشی وڵاتانی گرووپی حەوت کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، داوایان لە تاران کرد کە چالاکییە ناوکییەکانی هەتا ئەو ئاستەی کە ئاژانسی وزەی ناوکی ڕێگەی پێداوە، ڕابگرێت.

 هەروەها وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت نیگەرانیی قووڵی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت سەبارەت بە ژنان و کەمینەکان دەربڕی .