کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگار ئەمین‌نژاد: یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی ئاسێمیلەکردن، هێژمونیی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندە

14:22 - 1 بانەمەڕ 2724

ڕزگار ئەمین‌نژاد: یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی ئاسێمیلەکردن، هێژمونیی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندە

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: هەموو هەوڵی داگیرکەرانی کوردستان بەدرێژایی مێژوو ئەوە بووە بە هەموو مێتۆدێک بەر بە گەشەکردنی شوناس و هەوێتیی کورد بگرن و دەسەڵات و هەژمۆنیی سیاسی و کولتووریی خۆیان بە هەموو هێزەوە بەسەر کورددا بسەپێنن. ژێنۆساید، سەرکوتی بزووتنەوە سیاسییە و فەرهەنگییەکان، سیاسەتی نەرمی تواندنەوە و دروستکردنی قەیرانی شوناس بۆ نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاریی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا ناسیۆنالیزمی مەدەنی و مرۆڤ‌تەوەر و ئاشتی‌تەوەری کوردیش بەردەوام ڕوو لە گەشە و هەڵکشاندا بووە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئاشتیخوازیی کورد لە بەرانبەر دژمنانیدا نەبووتە هۆی خوڵقاندنی ئەو دۆخەی مەجالی زیاتر بە نەیارانی بدا لە سەر سیاسەتی داگیرکاریی خۆیان بەردەوام بن؟ کۆماری ئیسلامی لە درێژەی خوڵقاندنی قەیرانی شوناسدا بۆچی دەیهەوێ کوردەکانی لەک، لوڕ، هەورامی لە باوەشی میللەتی کورد جیا بکاتەوە؟ ڕێکارەکانی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەبات لە بەرانبەر سیاسەتی داگیرکەری و ئاسێمیلاسیۆنی کورد لە کوردستان چییە؟ ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بەو باسەمان لەگەڵ ڕزگار ئەمین‌نژاد، کارناسی باڵای کۆمەڵناسیی پەروەردە تاوتوێ کردوە.

کاک ڕزگار پێش هەموو شتێک و بۆ بەرچاوڕوونی پتر دەمەوێ بپرسم لە ڕوانگەی ئێوەوە ئایا کوردستان داگیرکراو و مۆستەعمەرەیە؟ ئایا سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییش لە چوارچێوەی سیاسەتگەلێ ئێستعماریدا جێ دەگرن؟

خوێندنەوەی کارناسانە لەمەڕ کۆلۆنیالیزم، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە کوردستان وڵاتێکی کۆلۆنیکراوە و هەروەها پێیان وایە هەڵسوکەوتی تاران لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران کۆلۆنالیستییانەیە. هەڵبەت خوێندنەوەکانی پۆست‌کۆلۆنیالیزم چەند لقی لێ دەبێتەوە و هەر کام لەم لقانە بە تێرم و خوێندنەوەی جیاوازەوە توێژینەوەیان لەسەر مێژووی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە کردوە. بۆ نموونە «کۆ-کۆلۆنیالیزم»، «کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی» و هەروەها «کۆلۆنیالیزمی نێوان بندەستان» بەشێکن لەو خوێندنەوانە. بەڵام لەم توێژینەوانەدا بەگشتی سیاسەتی سەنتڕالیزەکردنی ئابووری-ئیداری لە ئێران و هەروەها بەفەرمیکردن و سەپاندنی کولتوور و زمانی ئێتنیکی فارس بە بنەما وەردەگرن. لە گشت لقەکانی خوێندنەوەی پۆست‌کۆلۆنالیستیدا پڕۆسەیەکی مانادار بەدی دەکرێت لە نێوان ڕەوتی گەشەسەندوویی لە ناوچە فارس‌نشینەکان و هەژارکردن و بە کەمینەکردنی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکانی نێو ئێران. لە سەدەکانی نۆزدە و هەژدەهەمدا ئەم ڕەوتە پێچەوانە بوو، بۆ نموونە کوردستان میرنشینی خۆی هەبوو، زۆر سەربەخۆتر و لە باری ئابوورییشەوە سەقامگیرتر بووە. خوێندنەوەی پۆست‌کۆلۆنالیستی هاوچەرخن و بەرهەمی کۆمەڵێک ئاکادێمیسیەن و هەروەها کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ئۆرگانیکن کە زۆر کاری باش و توێژینەوەی بەنرخیان بە زمانەکانی ئینگلیسی، فارسی، کوردی و زمانەکانی دیکە کردوە و لە ژوڕناڵی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهانیشدا چاپ و بڵاو کراونەتەوە. تەنانەت پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە لقێکی تایبەت بە خوێندنەوەی پۆست‌کۆلۆنیالسیتی سەبارەت بە نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان لە کالێج یا زانکۆکاندا بکرێتەوە. هیوادارم ئەم هەوڵانە بگات بە ئامانج چونکە پرسی کورد دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا تووشی ئاڵەنگارییەکی جیددی دەکات. بەڵام نابێ دیسیپلینی ئاکادێمیکیش لەبەرچاو نەگرین چونکە ئەم توێژینەوانە لەمەڕ پرسی کۆلۆنیالیزم بە گشت لقەکانیەوە، لە ئێستادا هەر پێشمەرجێکی تێۆریکە و دەبێ چاوەڕوان بین لە کۆمەڵگەی ئاکادێمیکدا چۆن دەسەلمێندرێن.

بەڵام گوتاری دژەکۆلۆنالیستی لە سەردەمانی پێش ئەم توێژینەوانەش هەبووە، بۆ نموونە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە؛ لە زۆر شوێندا ئاماژە بە «ئیستعمار» کراوە، لە شێعری شاعیراندا و بۆ نموونە مامۆستا هەژار لە دژی ئیستعمار هەڵوێست دەگرن و تەنانەت دوکتور قاسملووش سیاسەتی داگیرکردنی کوردستان وەک سیاسەتێکی نیمچە ئیستعماری شرۆڤە دەکات. کەوایە هەڵسوکەوتی کۆلۆنالیستیانەی ڕێژیمەکانی ئێران لە هەست و نەستی تاکی کورددا وەها بیچمی گرتوە کە قەت لەبیری ناچێتەوە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەکۆلۆنی کراوە و، وەچە لە دوای وەچە زیاتر پەرە بە خوێندنەوەی دژە کۆلۆنالیستی دەدەن. بەڵام کاتێ حیزبێکی سیاسی و بەرپرس بەتەما بێت خوێندنەوەی دژە کۆلۆنیالیستی لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا بە بنەما وەربگرێت ناچارە ستراتیژییەکەشی بگۆڕێت. وابزانم دەرکەوتەی تێۆریی دژە کۆلۆنیالیستی لە سەربەخۆیی کەمتر نەبێت و لە ئێستادا ئەم پارادایم شیفتە بۆ حیزبەکانی کوردستان مومکین نییە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە حیزبەکان لە ڕووماڵکردنی وەها تێۆریگەلێک خۆیان نەبان بکەن، بە دڵنیاییەوە زۆر پێویستە گرنگی بەم تێۆریانە بدرێت و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕەنگ بداتەوە.

زۆر لە نوخبە و ئیلیتی کورد لەسەر ئەو باوەڕەن کە کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری و گەیشتن بە ئازادی لەپێشدا پێویستی بە فەرهەنگ‌سازییە، ئەم فەرهەنگ‌سازییە بە چ شێوەیەک دەتوانێ دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورد بگۆڕێ؟

وابزانم زۆربەی کۆمەڵناسان لەسەر ئەم پێناسەیە کۆک بن کە کولتوور پڕۆگرامێکی زەینی-دەروونییە بۆ خۆڕێالیزەکردن و هەروەها پێناسەکردنی تاک و تەنانەت کۆمەڵگەش. بەڵام زۆر زەحمەتە بڕوا بەوە بکەم کە کولتوور وەک پەکەیج بەر لە چالاکییەکانی مرۆڤ ساز و ئامادە کرابێت. کولتوور ڕەنگدانەوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤە و پێوانەکانی ئێمەش بۆ داوەری کردن لەسەر کولتووری باش و خراپ، شێوازی تەعامولی تاک و کۆمەڵگەیە. هەڵبەت کولتوور یەک لەو ئێلێمانانەیە کە لە نێو گشت دیاردەکان و هەروەها لە گشت کات و فەزایەکی کۆمەڵایەتیدا حوزووری هەیە و خۆیمان بیر دەهێنێتەوە. هۆکارەکەش ڕوونە؛ چونکە کولتوور دیاریکەرە لە شێوازی تەعامول لەگەڵ خۆمانەکان و ئەوانەی دیکەش. کەوایە خەبات لەپێناوی ئازادیدا پڕاکتیکی کولتووری هزر و بەیانی ئازادییش هەموار دەکات. لە سیستەمێکی دژ بە ئازادیدا کولتوورسازی گرنگە بەڵام مومکین نییە، چونکە ڕێگا بە پڕاکتیکی ئازاد نادرێت. کەوایە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەبێ کار بۆ ناساندنی بەربەستەکانی ئازادی بکات و لەهەمان کاتدا بیری کۆمەڵگە بهێنێتەوە کە ژیانی ئازاد تا چەند پێوەندیی بە کەرامەت و بەختیاریی مرۆڤەوە هەیە. ئەگەر سەیری گشت ئایدیالۆژییەکان بکەین، بەر لەوەی کولتوورسازیی بکەن، وێنەسازیان کردوە. واتە دروستکردنی وێنەیەکی گەورە کە مرۆڤ بیکات بە نموونە، خۆی لەگەڵدا تەتبیق بدات و خەبات بۆ ڕێالیزەکردنی ئەو وێنەیە بکات. کولتوور لە ڕەوتی خەباتەکەدا خۆی بەرهەم دەهێنێت و تەنانەت دەبێت بە نموونەی ڕەفتاری بۆ ئایدیالۆژی یان بزاڤەکە. وابزانم ئەو شتەی کە بۆ خەبات لەپێناو ئازادیدا پێویست بێت پەرەدان بە کولتووری ڕێکخراوەیی بێت، واتە بیری خەڵک بێنینەوە کە بە تەنیا لە ڕێگای ڕێکخستن، هەماهەنگی و پڕۆژە و بەرنامە دانانەوە دەتوانین شانسی گۆڕان لە کۆمەڵگەدا ببەینە سەر، کە ئازادییش یەک لەو ئامانجانەیە.

ئایا ناسیۆنالیزمی مەدەنی و ئاشتیخوازی کورد لە بەرانبەر دژمنانیدا نەبووتە هۆی خوڵقاندنی ئەو دۆخەی مەجالی زیاتر بە دژمنانی بدا پێداگرتر بن لە سەر سیاسەتی داگیرکاری و کۆلۆنیالیستیی خۆیان؟ بە بڕوای بەڕێزتان کاتی ئەوە نەهاتووە کە حیزبەکانی کوردستان سیاسەتەکانی خۆیان لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی دوژمنانیان دابڕێژن؟

سەرەتا ئەوە بڵێم کە پرسی ئاشتی و ئامانجی ئاشتیخوازانە یەکێکە لە فەزیلەتە بەرزەکانی مرۆڤ. کەوایە ئاشتیخوازیی کێشەسازکەر نییە و قەتیش نابێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی هێزە سیاسییەکان. بەڵام کاتێ باس لە ئاشتی دێتە ئاراوە دەبێ پێناسەی ئەجێنت و ئامانجی ئاشتیخوازنە ڕوون بێتەوە. ڕێگەم بدەن یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو بە نموونە بهێنمەوە. ئێمە لەبیرمانە کە خەباتی ئاشتیخوازانە یەک لە چەکە هەرە گرنگەکانی بلۆکی سۆسیالیستی بوو لە دژی بلۆکی کاپیتالیستی. ئاشتیخوازیی لە ساڵانی شەست و حەفتا و تەنانەت هەشتای زایینیدا و لە ئاستی ئورووپا و ئامریکاش بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی. بە بۆچوونی زۆر یەک لە کارناسانی سیاسی، ئەگەر بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە نەبوایە، لەوانەیە شەڕی ڤیەتنام و ئامریکا درێژخایەنتر بوایە و ئامریکا لەژێر زەختی وەها بزووتنەوەیەکدا ناچار بە کشانەوە لە ڤیەتنام کرا. کەوایە ئەجێنتەکە لێرەدا بلۆکی سۆسیالیستییە و ئامانجەکەش شکستی بلوکی کاپیتالیستی بوو. پرسیارێک کە قەت بزاڤە ئاشتیخوازەکانی ئەوکات وڵامیان نەدایەوە ئەوە بوو کە بلۆکی سۆسیالیستی تا چەند پابەند بە ئاشتییە؟ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە یەکیەتیی سۆڤییەت لە ڕێگای شەڕەوە لایەکی ئورووپای داگیر کردبوو، لە ئەفغانستان شەڕی دەکرد، پڕۆژەی چەکی ناوکیی سۆڤییەت هەڕەشەیەکی جیددی بوو لەسەر جیهان و ... هتد. بەڵام لە سۆنگەی خەباتی کورد لە کوردستان، دەبێ عەرزتان بکەم کە خەباتەکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بڕوای بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کوردە. هۆکارەکەش ڕوونە، چونکە ماهییەتی خەباتەکە و داواکانی کورد ئاشتیخوازانەن. کورد لە ئێران لەسەر کێشەی سنوور یا لە پێناو کورسیی دەسەڵات و لەبەر کودیتا دەستی بۆ چەک نەبردووە، داوایەکی هەیە و داواکانیشی سیاسی-مەدەنین، کەوایە پێناسەی ئەجێنت و ئامانجی ئاشتییەکەش ڕوونە. بەڵام ڕێژیمەکانی ئێران نەک پێشوازیان لە هەوڵی ئاشتیخوازانەی کورد نەکرد بەڵکوو بە هەڵایسانی شەڕ لە دژی کوردستان هەوڵیان داوە سیمای بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کورد شەڕەنگێز پیشان بدەن، لە ڕێگای زەبر و زەنگ و سەرکوتەوە ئارامییەک بۆ کوردستان بگەڕێنێتەوە و بە جیهانیش بڵێن ئاشتی لە کوردستاندا جێگیرە و ئەوانەش کە مل بەو ئاشتییە نادەن؛ گروپێکی چەکدارن، ناو و مۆرکی خراپی سیاسیشیان لێ دەدات. کەوایە ماهییەت و داواکانی کورد لە کونتێکستی ئاشتی نزیکترە و ئەگەر بزووتنەوەیەکی ئاشتیخوازانە لە ئێراندا هەبێت کە خەباتی کورد و داواکانی بە هەند بگرێت و وەک پێشمەرجی ئاشتییەکی نەتەوەیی سەیری بکات، ئەوا کورد شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبوو. بەڵام ئەو تێرمە سانتیمێنتاڵیانەی ئەمڕۆ لە ڕێتۆریکی چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێراندا دەبینین، وەک مافی شارومەندی، ئاشتی، ئازادیخوازی، دێموکراسی، خەباتی ناتوندوتیژیانە و .... هتد، بەرهەمی هێژمونسازیی چینی "بروژوا-بروکراتی" ئێرانە و بە مەبەستی پەراوێز خستنی یەک لە باڵەکانی ڕێژیم سوودی لێ وەردەگرن نەک سیستەمە سیاسییەکە. بەداخەوە چەمک و پێناسەی خەباتی کورد لە نێو ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە زۆر نەگەتیڤە چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە پرسی فرە نەتەوەیی نییە و هەر پێکهاتە و بزاڤێک بەناوی نەتەوەخوازیی سەرهەڵبدات وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێرانی دەبینین. بەڵام سەرەڕای ئەو بەربەستانە کە لەبەردەم خەباتی کورددا هەن، حیزبەکانی کوردستان نابێ سیاسەتەکانیان کاردانەوەیی بێت. حیزب خوێندنەوەی خۆی لەسەر دۆخی کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهانیش هەیە، کەوایە سیاسەت و ستراتیژی خەباتەکەی دەبێ ڕەنگدانەوەی خوێندنەوە و عەقڵیەتی سیاسی خۆشی بێت. حیزبەکانی کوردستان بۆ شەڕکردن لەگەڵ ڕێژیمەکانی ئێران دانەمەزراون کە تاکتیکەکانی بەپێی ڕەفتاری ڕێژیمەکان تەکووز بکات، بەپێچەوانەوە حیزبەکانی کوردستان نوێنەرایەتی داوایەکی نەتەوەیی دەکەن، خەبات بۆ بەختیاریی، سەربەرزی و ژیانێکی باش بۆ نەتەوەکەیان دەکەن و سروشتییە کە دەبێ سیاسەت هەم لە پڕاکتیکدا و هەم لە ڕێتۆریکدا، بەپێی نێوەرۆکی ئەو ئامانجانەش داڕێژرێن. بەڵێ، ڕاستە کورد ئاشتیخوازە، بەڵام ڕوانگەی سیاسیی ئێمە بۆ ئاشتیخوازی دەبێ لەسەر بنەمای تاوانناسی بێت، واتە نەهێشتنی تاوان بە بنەما بگرین نەک سزادانی تاوانبار. کەوایە ڕێژیمی ئێران خۆی شەڕە، نەک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی کورد، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیهاینیش ئەم ڕێژیمە شەڕە. کەوایە ئاشتی لە ئێراندا بەبێ نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نایەتە دی.

یەکێک لە پڕۆژە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەمینەکردنی نەتەوەی کورد و دروستکردنی دابڕانی زیاتر لەنێو ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا بووە، بۆ نموونە دابڕاندنی لوڕەکان لە کورد و ئەتومیزەکردنی کورد. بۆ؟

سیاسەتی بە کەمینەکردنی نەتەوەکانی ئێران مێژوویەکی کۆنی هەیە و هی ئێستا نییە. ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی ئەماراتەکانەوە دەست پێ دەکات و دواتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە هۆی سیاسەتی نیشتەجێکردنی زۆرەملێ و چەککردنی خێڵەکان و هەروەها دوورخستنەوەی بەشێک لە خێڵەکان لە ژینگەی سروشتیی و ئێتنۆ-جۆغرافیای خۆیان، پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکە. بەڵام کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا تەوژمی بە کەمینەکردنی نەتەوەکان لە ڕێگای ژینۆسایدی ئەتنیکی، زمانی و ژینگەییەوە وەها دراماتیک بوو کە نەتەوەکانی ئێران وەک ڕۆژانی ڕەش یادی لێ دەکەنەوە. ژینۆسایدی لۆڕەکان بە دوای ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە تورکیە، گەورەترین ژینۆسایدە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە دوای لۆڕ کووژیشدا، بلوچ‌کووژی و کوردکووژی و قڕکردنی عەڕەبەکانیش بە پلەی چەندەم دێن. لە یادداشت و بیرەوەریی ئێلیتی نەتەوەکانی ئێران کە بە شێوەی فۆتۆبیۆگرافی چاپ کراون، قوڵایی ئەم جینایەتانە بە باشی پیشان دەدەن. ڕەوەندی ڕووداوەکان لەو سەردەمەدا نییەتی دەسەڵاتدارانی ئێرانمان بۆ ڕوون دەکەنەوە واتە؛ مەبەستەکە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بوو لەسەر بنەمای ئەتنیکی-زمانی کە فارس پێناسەکەی بێت. ئەم پڕۆژەیە لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمەوە بە ژینۆسایدی کۆبیرەوەریی دەست پێ دەکا، واتە شێواندنی بیرەوەری و «تایمۆس». کوشتنی ڕۆح و سۆزی نەتەوەیی کە بڕوایەکی بەهێزی ئەخلاقییە و لە هەستی نەتەوەییدا دەبووژێتەوە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بوو کە بە ئامێری سانسۆر، مێژووسازی، کۆنتڕۆڵ و سووکایەتی دەچووە پێش بەڵکوو نەتەوەکان وەها لە یەکتر نامۆ بکەن کە مەجالی هەستی هاو چارەنووسییان نەمێنێ و تەنانەت بە هۆی جیاوازیی مەزەبی و بن‌زارییەوە دەگژ یەکتریشان بکاتەوە. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاند لەک و هەورامییەکان، لە ڕاستیدا درێژەدانی سیاسەتی بەکەمینەکردنی نەتەوەکانە کە بە چەند پڕۆژەی وەک هەژارسازی، لێکدابڕان و کەم کردنەوەی حەشیمەتی پێکهاتە نەتەوەییەکان دەچێتە پێشەوە بەڵکوو باشتر کۆنتڕۆڵیان بکات و خێراتر ئاسیمیلە ببن. تەنانەت دەکارکردنی تێرمی «کوردنشین» ئەگەرچی یەک لەو سیاسەتە گوتارییانەیە کە ڕێخۆشکەرە بۆ نامۆکردنی تاکی کورد بە نیشتمانەکەی خۆی، بەڵام بە بۆچوونی زۆر یەک لە ڕووناکبیرانی کورد ئاماژەیەکیشە بە نیشتەجێ بوونی کاتی. واتە ئەم پێکهاتانە نیشتمانێکیان نییە کە خەسڵەتی ئێتنۆ-جۆغرافیکی هەبێت، ئەمانە کۆچەرن، هاتوون و لەوانەیە لە داهاتووشدا بڕۆن.

بەپێی ئەزموون و ئەزموونکراوەکان و لە دۆخی ئیستادا ڕێکارەکانی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەبات لە بەرانبەر سیاسەتی داگیرکاری و ئاسێمیلاسیۆنی کورد لە کوردستان چییە؟

سەرەتا دەبێ بزانین ئامێرەکانی ئاسێمیلەکردن چین و چۆن کار دەکەن، کەوایە هەر بەو ئامێرانە و بەو مێتۆدانەش دەکرێ خێرایی ئاسێمیلەکردن خاو بکرێتەوە. بەڵام پڕۆسەی ئاسێمیلەکردن لە ئێران خسڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و دەکرێ لە سۆنگەی مێتۆدۆلۆژیای ئەندازیارانی کولتووری ئێرانیدا لێی تێ‌بگەین. ئەو دیاردەیەی بە ناوی کولتووری ئێرانی پێناسە دەکرێت بەرهەمی سووژەسازیی کۆلۆنیالیزمی ئورووپاییە. بەدوای ئینقلابی پیشەسازی لە ئۆرووپا، پێناسەی مودێڕنیزم بەپێی داواودانی (عرضە و تقاضا) کاپیتالیزم و هەروەها خوێندنەوەیەکی کولتووریی لەمەڕ سیڤیلیزاسیۆن تێۆریزە کراوە. سیڤیلیزاسیۆن لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا مانایەکی دیکەی هەبوو، واتە دیاریکردنی چارەنووسی تاک، قوتاربوون لە چەمکی ئۆمەتی مەسیحی و بنیاتنانی چەمکی سیڤیل بە ناسنامەیەکی سیاسییەوە کە بنەماکانی مافی سیڤیل دەستەبەر بکات. بەڵام کۆلۆنیالیزمی ئۆرووپایی مۆدێڕنیزمیان لە بەرامبەر نەریتدا پێناسە کرد. کەوایە سیڤیلیزاسیۆن لە سەردەمی کاپیتالیزمدا یانی سڕینەوەی هێما و پێناسەکانی نەریت. بەڵام نەریت چی بوو؟ نەریت هاوواتای دواکەوتوویی و خورافە دەهاتە ئەژمار، نەریت بە مانای فرە ڕەنگی و فرە چەشنییەکی مزاحێم بوو لەبەردەم زێدەباییخوازییەکانی کاپیتالیزمدا، بۆیە کۆلۆنیالیزمی ئورووپایی بە چەکی سیڤیلیزاسیۆنەوە هەڵمەتی سڕینەوەی فرە کولتووری، فرە زمانی، فرە چەشنی و گشت فرەکانی دیکەی دەست پێکرد و دەوڵەت نەتەوەکانی ئۆرووپاش بەرهەمی وەها پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-ئابووری بوون. ئێستا لە سەردەمی پۆست‌مۆدێڕندا ئێمە تێدەگەین ئەم سیاسەتە تا چەند زەبری لە کەرامەتی مرۆیی داوە، بەڵام ئەو کات نۆرمێکی سیاسی بوو چوونکە سەنتڕالیزمی بروکراتیک وای دەخواست. وابزانم ئەو پێناسە کورتە لەمەڕ مۆدێڕنیزم و سیڤیلیزاسیۆن یارمەتیمان بدات بەڵکوو لە دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی ئێران تێ‌بگەین.

کولتووری ئێرانی وەک شمشێرێکی دوو سەر وایە: سەرێکی ئەم شمشێرە زمانی فارسییە و سەرەکەی دیکە کولتوورێکی هاوردەی مۆدێڕنە کە لە خزمەت جێگیرکردنی سیستەمی سەنتڕال-بروکراتیکی ئێرانی و هەروەها لە قازانجی کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دەست ئەتنیکێکی تایبەت دایە. ئەم ڕوانگەیە لە شێوەی پێناسەکردنی فۆلکلۆری ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا بە جوانی دەردەکەوێت، بۆ نموونە: موزیک و زمانی مەحەلی، جلوبەرگی قەومی و .... هتد. بەرهەمەکانی ئەوان فەرمی و مۆدێڕنن، بەڵام وەبەرنانی ئێمە مەحەلی و قەومین و هەر ئەم پۆلێنبەندییە کولتوورییە لە دیبەیت و توێژینەوەی زانکۆکانی ئێرانیشدا دەبینین کاتێ خەسارناسیی بۆ هۆکارەکانی گەشە نەسەندوویی پەراوێزەکان دەکەن. ئەمە نموونەیەکی سادەیە، بەڵام ئەم نموونانە باس لە ئالیاسیۆن و هێژمون دەکەن. یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی ئاسێمیلەکردن، هێژمونیی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندە. ئەم هێژمونە ئێمە دەکات بە کەمینە، وێنەیەکی مەحەلیمان لێ ساز دەکات و پێناسەیەکی قەومیمان پێ دەبەخشێت بەڵکوو قەت خۆ لە قەرەی هێژمونی کولتووریی و گوتاریی ئەوان نەدەین، لەنێو کولتووری بەرزی ئەواندا بتوێینەوە و هەرگیز خەون بە ئیرادەی ئازاد و نەتەوەسازیی خۆمانەوە نەبینین.  

واتا مەبەستتان بەهێزکردنی بزاڤی کۆمەڵایەتی-سیاسیی و گوتاری سەربەخۆیە؟

بزاڤی کۆمەڵایەتی-سیاسیی تەنیا میکانیزمێکە کە دەتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها هێژمونێکدا گوتاری خۆی ساز بکات. بەڵام بزاڤە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان نابێ تا ئاستی کۆمەڵێک پێڕفۆرمانسی کولتووریی-فۆلکلۆری دابەزن، ئەمە ئەو دۆخەیە کە "سیمۆن دۆبوڤار" پێی دەڵێت: ئێمانێنس واتە پووکانەوە بەنێو قاپووری خۆیدا. بزاڤێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دەبێ تا ئاستی ترانسێندەنتاڵ بەرز بێتەوە بەڵکوو هێژمونیای ئەو مێژووە کولتوورییە بشکێنێت کە ڕێگرە لە ئازادی و بووژاندنەوەی تایمۆسی خۆی و لە ئەنجامدا؛ پێناسەیەکی کولتووریی بە بنەما بگرێت بەڵکوو بە ئیرادەیەکی ئازاد خۆی پێناسە بکاتەوە. کەوایە کولتوور لەم سۆنگەوە کردەوەی سیاسییە، چونکە هۆکارەکانی ئاسیمیلەکردن سیاسین و سیاسەتیش دەبێ هێندە بوێر بێت کە سیلە لە ئایدیالۆژیی دەسەڵاتی سەنتڕاڵ-بروکراتی ئێرانی بگرێت. واتە خەبات لە دژی ئەو ئایدیالۆژییەی کە بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ناسراوە و مەعریفەیەکی کاپیتالیستی-کۆلۆنالیستی پاراو کراوە.

سپاس بۆ ئەوەی کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا.

زۆر سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.