کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران، ڕۆژانی چارەنووسسازی ئیسرائیل بەڕێوەن

14:26 - 1 بانەمەڕ 2724

ئورشەلیم پۆست – یاکۆڤ کاتز

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ئێستا ڕۆژانی چارەنوسسازی دەوڵەتی ئیسڕائیلن. کاتێک ئەو وتارە دەخوێنیەوە ڕەنگبێ ئیسڕائیل لەلایەن ئێران هێرشی کرابێتە سەر، یان ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە یان بە هۆی بەکرێگیراوانی ئەو وڵاتە و، ڕەنگبێ ئیسڕائیل وەڵامی دابێتەوە. ڕەنگبێ دۆخەکە بۆ ئاستی جەنگی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران، حیزبوڵڵا یان هەردووکیان گۆڕابێ، کە شەڕی غەززە بە بەراورد لەگەڵ ئەو جەنگە لە تەنیا چەند ڕۆژدا ببێتە بیرەوەرییەکی لەبیرکراو.

دۆخەکە لە هەموو پلەکانی نێو دەوڵەت و هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیلدا ئاڵۆزە. لە لایەکەوە، لێکدانەوەی گشتی ئەوەیە ئێران نایهەوێ جەنگێکی بەتەواو مانای هەبێ و ئەوە بەو لێکدانەوەیە بوو کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل چوو بۆ کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنییەتی، کاتێک پێشنیاری هێرشی هاژەکیی بۆ سەر خانووەکەی دیمەشقی کرد کە لەوێ ژەنڕاڵی ئێرانی، موحەممەد ڕەزا زەندیی کوشت.

ئیسڕائیل گریمانەی ئەوە دەکات ئێران سنووردارکردنی دۆخەکەی پێ باشتر بێ

لە کاتێکدا کە زاهیدی پلەبەرزترین کاربەدەستی سەربازیی ئێران بوو کە بکوژرێ، دوای کوشتنی فەرماندەی سوپای قدس، قاسم سولەیمانی کە لە جانیوەری ٢٠٢٠، لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بە ئامانج گیرا. گریمانەکە لە ئیسڕائیل ئەوە بوو ئێران وای پێ باش دەبێ دۆخەکە سنووردار بکات. بەڵێ، ئێران وەڵام دەداتەوە، بەڵام ئیسڕائیل پێی وایە ئەوە نابێتە هۆی شەڕێکی هەمە لایەنە.

هۆی ناچاربوونی ئێران بە وەڵامدانەوە، پلەی بەرز و دەوری گرینگی زاهیدییە. ئەو فەرماندەیەکی پلەبەرزی سوپای قودس بوو، بەرپرسی یەکینەکانی لوبنان و سووریە و وێدەچێ دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە هاوپەیمانیی سوپای پاسدارانی ئێران،  حیزبوڵڵای لوبنان و سەرۆک‌کۆمار بەشار ئەلئەسەد دا هەبووبێ.

سێناریۆکانی شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران جیاوازن و، هەر کامیان مەترسیی جۆراجۆر لە خۆ دەگرن. لە سەرووی هەموویانەوە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران لە خاکی خۆیەوەیە. لەو دۆخەدا، بۆ ئیسڕائیل دژوار دەبێ لە تۆڵەی ئەو هێرشە هێندێک شوێن لە نێوخۆی ئێران نەکاتە ئامانج، ئەوە بژارەیەکە کە مەترسییەکی زۆری هەیە ببێتە هێرشی تۆڵەئەستێنانەی دیکە لەلایەن هەردوو لا و بەرفراوانتر بوونەوەی کێشەکە.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەری تۆڵە ئەستاندنەوە لەلایەن بەکرێگیراوانی ئێران هەیە. لێرە ئەوە بەستراوەتەوە بە کام بەکرێگیراو و چۆنیەتیی هێرشەکە. ئەگەر، بۆ وێنە، حیزبوڵڵا بە هاژەک هێرش بکاتە سەر حەیفا و تێل‌ئاڤیڤ، ئەوسا دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین ئیسڕائیل ناچار دەبێ بە هێرش بۆ سەر بەیروت وەڵام بداتەوە، کە لەو حاڵەتەدا ڕێگا بەرەو جەنگ کورت دەبێ. بەڵام، بێتوو حیزبوڵڵا یان بەکرێگیراوێکی دیکە، وەکوو حوسییەکانی یەمەن یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، هێرش بکەنە سەر پێگەیەکی سەربازی، ئەوسا پرسەکە زۆرتر دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە چ شوێنێک هەنگێوتراوە یان کێ کوژراوە. هەروەها هەمیشە ئەگەری هێرش بۆ سەر کۆنسولخانەیەک یان باڵوێزخانەیەکی ئیسڕائیل لەودیوی دەریاکانەوە هەیە.

ئەوە سروشتییە کە ئیسڕائیل لە ئەگەری ڕوودانی هەرکام لەو هێرشانەدا، ناچارە وەڵام بداتەوە، بەڵام کاتێک هێرشەکە بۆ سەر پێگەیەکی سەربازی بێ و هیچ زەرەرێکی ڕاستەقینە لەئارادا نەبێ و کەس نەکوژرێ، ئیتر وەڵامەکەش تەنیا سیمبۆلیک دەبێ تا کۆتایی بە کۆی ئەو دۆخە بێندرێ.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستی جیددی‌بوونی دۆخەکە لە هەڕەشەی ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن سەرۆک کۆمار جۆ بایدن ئاشکرا دەبێ، کە پشوویەکمان لە هێرشی بەردەوامی ناوبراو بۆ سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نەتانیاهوو، چاو پێکەوت کە هەر ئەو حەوتوویە گوتی سەرۆکی ئیسڕائیل لە شەڕی غەززەدا "هەڵەیە". بایدن ڕۆژی چارشەممە لە جیاتان هەڕەشەی لە ئێران کرد کە بێتوو ئیسڕائیل هێرشی بکرێتە سەر، ئەمریکا پشتگیریی لە ئیسڕائیل دەکات.

سەرۆک‌کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، فومیۆ کیشیدا، لە ڕۆژی چوارشەممە گوتی، " هەر وەکوو بە سەرۆک وەزیران نەتانیاهووم گوتوە، پابەندبوونمان بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە، دژی ئەو هەڕەشانەی ئێران و بەکرێگیراوانی فرە بەهێزە. ئیزن بدەن با دووپاتی بکەمەوە: فرە بەهێزە. ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێ بۆ ئەمنییەتی ئیسڕائیل دەیکەین." چەند کاتژمێر دواتر، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئانتۆنی بلینکن، لێدوانێکی هاوشێوەی بڵاو کردەوە و بە وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل، یواڤ گالانتی گوت کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە دژی هەڕەشەکانی ئێران، پشتگیریی لە ئیسڕائیل دەکات."

لە کاتێکدا کە ڕەنگبی ئەوە وەک وەرسووڕانێکی مەزن لە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بێتە بەرچاو، بەڵام بەو شێوەیە نییە. لە سەرەتای شەڕەکەوە، ئەمریکاییەکان نیگەرانی دوورەدیمەنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر لە ناوچە بوون. ئەوە هۆی سەرەکیی وتاری "وا مەکەی" سەرۆک کۆمار بوو، کاتێک ماوەیەکی کورت دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر، هەڕەشەی لە ئێران و حیزبوڵڵا کرد. نیگەرانیی ئێستای وڵاتە یەکگرتووەکان، درێژەی هەمان سیاسەتە، کە هەموو شتێک دەکات تا پێش بە کێشەیەکی بەرفراوانی ناوچەیی بگرێ.

ئیسڕائیلیش لەو هەڵڵا و هەنگامە جەماوەرییەی حەوتووی ڕابردوو کە هەموو وڵاتی گرتەوە، وانەی وەرگرتوە، بۆیە کاربەدەستانی ئیسڕائیل بەئاشکرا شتێک ناڵێن. ئەوکاتی، دوابەدوای بانگکردنی هێزی یەدەگ و هەڕەشەکانی ئێران، خەڵک دەستیان بە ڕاکێشانی دراو لە بانکەکان کرد و دەستیان کرد بە پاشەکەوتکردنی ئاو و کڕینی هەرچی مەکینەی کارەبای بەردەست.

دەوڵەت نایهەوێ بەرەو ڕووی هەمان کاردانەوە بێتەوە، لە کاتێکدا ڕەنگبێ هەموو ئەو بەزمە بە چەند تەقینەوان کۆتایی بێ.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیسڕائیل دەبێ ئامادە بێ. لەبەر ئەو هۆیە، لە کۆتایی ئەم حەوتوویەدا هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل مانۆڕێکی ئاسمانیی درێژمەودای بەرەو ئاسمانی قوبرس بەڕێوە برد و لە ئامادەباشیی تەواودایە، هەموو ئەوە بەو مەبەستەیە کە بە ئێران نیشان بدەن کە ئیسڕائیل ئامادەیە لە کاتی پێویستدا هێرش بکاتە سەر تاران.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە دەبێ بەگوێرەی دۆخەکە ڕێژەیی بێ. ئێران ناتوانی ئیسڕائیل لەنێو ببات و حیزبوڵڵا ناتوانی ئیسڕائیل وێران بکات.

هەر دوو لا دەتوانن  زیان بە ژێرخانی مەدەنیی ئیسڕائیل بگەیەنن و خەڵکی سیڤیلی ئیسڕائیل بکوژن، بەڵام ئەوان هەڕەشەیەکی کوشندە بۆ سەر ئیسڕائیل نین. ئیسڕائیل دەتوانێ بەسەریاندا زاڵ بێ و ئەو کارەش دەکات.

ئەوەی کە دەبێ لەبیرمان بێ ئەوەیە کە ئەو ڕاستییەی ئێستا بەرەوڕووی بووینەوە، ئاسایی نییە. ئەوە ئاسایی نییە کە ئیسڕائیل لە ژێر هەڕەشەی ١٥٠ هەزار تۆپ و هاژەکی لوبنان، دروست لە سنووری باکووری خۆی بێ و ئەوە ئاسایی نییە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام داوای لەنێوبردنی دەوڵەتی جوولەکە دەکات.

ئەگەر ٧ی ئۆکتۆبر شتێکی فێر کردبین ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە ئێمە، ئیسڕائیل، ڕەنگبێ حەز بکەین هەڕەشەکە سنووردار بکەین و بیشارینەوە، ئەو هەڕەشەیە هەمیشە بە کردەیی ناکرێ. کاتێک ئەو تاقمە تێرۆریستییانە حەز دەکەن هێرش بکەنە سەر ئیسڕائیل و ئامرازی ئەو کارەشیان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئیسڕائیل سەر دەکەوێ.

ئایا ئەوە بەو مانایەیە کە شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا حەتمییە؟ ڕەنگبێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە پێویستە هەر ئێستا ڕوو بدا. بە لەبەرچاوگرتنی شەش مانگی ڕابردوو، هەم ئیسڕائیل و هەروەها ئێران نیشانیان داوە خوازیاری سنووردارکردنی کێشەکەن و ئیزن نادەن ببێتە کێشەیەکی بەرفراوانتر.

بەو زووانە بۆمان ئاشکرا دەبێ ئاخۆ ئەوە دەتوانێ درێژەی هەبێ.