کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆرترەیەک لە ئەوینی نیشتمان (شەهید سەدیق فیرووزی)

14:40 - 1 بانەمەڕ 2724

برایم چووکەڵی

زۆر سەختە‌ لە توانای قەڵەمدا بێ بە وشەیەک، ڕەستەیەک، پاراگرافێک ‌‌و تەنانەت چەند لاپەڕەش لەسەر شەهیدێکی نیشتمان بنووسرێ. شەهید "باڵای بەقەت باڵای کوردستان"ە و بوونەکەی تەعبیر لە مێژووی خەبات و خوێنی کوردستان دەکات. نەتەوەی کورد باش دەزانێ لە دوای گەورەیی ناوی پیرۆزی کوردستان کە هەموو خەڵکی بەئەمەگ ‌و نیشتمان‌پەرەست دڵەکانیان بۆ خۆشەویستیی ئەو لێ دەدا و هەموو سەرەکان بۆ ئەو نەوی دەبن، ناو ‌و یادی شەهیدان پیرۆزترین و گەورەترین بەرهەمی شۆڕشی کوردستانە کە سۆز و خۆشەویستی لە دەروونی هەر تاکێکی کورددا دەجووڵێنن. لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا باس لە شۆڕەسوارێکی شامیانی مەریوان دەکەین، شەهید سەدیق فیرووزی.

شەهید سه‌دیق فیرووزی ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی له‌ ئاوایی نسڵ لە ناوچه‌ی شامیانی مه‌ریوان له‌دایک بوو. ژیانی سدیق هه‌ر له‌ منداڵییە‌وه ئاوێتەی‌ ڕه‌نج و کوێره‌وه‌ری‌ بوو. ئەو له‌ هەموو ساڵانی خوێندنیدا ناچار بوو کاتەکانی پشوودانی بۆ کارکردن ته‌رخان بکا، بۆ ئەوەی خه‌رجی خوێندنی خۆی په‌یدا بکا و لە هەمان کاتدا بتوانێ یارمه‌تییەکی بنه‌ماڵه‌ هه‌ژاره‌که‌ی دابێت. ئەو بەمجۆرە خوێندنی هە‌تا وه‌رگرتنی دیپڵۆم له‌ شاره‌کانی مه‌ریوان و سنه‌ درێژه‌ پێدا.

 ژیانی سیاسیی کاک سه‌دیق له‌ سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییەوه‌ ده‌ستی پێ کرد. ئەو کە پێشتریش لە خۆپێشاندانەکان بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی لە سنە و مەریوان بەشداریی کردبوو، سه‌ره‌تا وه‌ک ئه‌ندامی جه‌معییه‌تی قوتابیانی سنه‌ بۆ ڕێک‌وپێک‌کردنی خه‌باتی قوتابیان تێکۆشا. پاشان پێوه‌ندیی به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە‌ گرت و لاوی تازە خەباتکار وەک‌ به‌رپرسی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاواییه‌کانی نسڵ و گۆشخانی دیاری کرا. هه‌ر له‌و کاته‌دا سه‌ره‌ڕای کەمیی ته‌مه‌ن بەڵام به‌هۆی لێهاتوویی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئاواییه‌که‌یانه‌وه‌ وه‌ک شوڕای ئاوایی "نسڵ"یش هه‌ڵبژێردرا.

سه‌دیقی لاو لە دەسپێکی ژیانی سیاسیی خۆیدا باوکی لەدەست دا، بۆیە لەو کاتەدا دەبوایە لە دوو ڕێگا یەکیان هەڵبژێری، یا دەست لە خەبات‌ و تێکۆشان هەڵ‌بگرێ ‌و پێوشوێنی پێڕاگەیشتن بە ژیانی بنەماڵە هەژارەکەی بکەوێ؛ یا لە سەنگەری شۆڕشگێڕیدا بمێنێتەوە. بەڵام ئەو کە کەسێکی سیاسی‌ و تێگەیشتوو بوو، دەیزانی قازانجی بنەماڵەکەی بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەکەی، بۆیە بەردەوامی لە تێکۆشانی سیاسیی هەڵبژارد و هەموو شتێکی وەلا نا و گشت کات و ژیانی خۆی بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی تەرخان کرد.  

شەهید سەدیق ژیانی سیاسیی خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا له‌ پێشمه‌رگایەتیەوە ده‌ست پێ کرد. بەهۆی ئازایەتی لە مەیدانی شەڕ و ژیری و پێگەیشتوویی سیاسی وەک کادری سیاسیی ‌لک دیاری کرا و پاشان لە کۆنفڕانسدا بە ‌‌ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌ریوان هەڵبژێردرا و دواتریش بە ‌به‌رپرسی کۆمیته‌ له‌ ناوچه‌کانی شامیان‌ و سه‌رشیو دیاری کرا. لە درێژەی پێشکەوتنە سیاسی و نیزامییەکاندا و بە هۆی لێوەشاوەیی به‌رپرسایه‌تیی لکی کەوتە سەرشان. بەڵام ئەوەش کۆتایی کار نەبوو‌، و سەدیق بەهۆی پێگەیشتوویی سیاسی وەک ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی‌ کۆمیته‌ی شارستانی مه‌ریوان ‌و لە سازماندەیی نوێدا بە ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی جنووب هەڵبژێردرا و لە قۆناغی دواتر به‌رپرسایەتیی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌ریوانیشی پێ‌ئەسپێردرا.

شەهید سه‌دیق فیرووزی له‌ کۆنگره‌ی ٨ی حیزبدا وه‌ک ئه‌ندامی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا و دوای کۆنگره‌ ئه‌ندامه‌تیی مه‌ڵبه‌ندی یەک و به‌رپرسایه‌تیی کۆمیته‌ی شارستانی کرماشانی وەرگرت. کوڕی شۆڕشگێڕی دێموکرات بەردەوام هەوڵی دەدا پتر خۆی پێ بگەیەنێ و پلەی تێگەیشتوویی و زانیاریی خۆی بە کەلکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی خەبات ‌و خوێندنەوە، بەشداربوون لە دەورە سیاسی ‌و نیزامییەکاندا بەرێتە سەر. سەختی و‌ دژواری خەبات زیاتر هانی دەدا بۆ بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی ئەرکەکانی و جیا لە کاروباری سیاسی و پێشمەرگانە بە کاری هونەرییشەوە خەریک دەبوو. هۆگریی زۆری بە نیگارکێشی ‌و فیلم‌هەڵگرتن هەبوو، و دووربین لەشان، بن بەرد و ڕەوەز‌و دەوەن‌، لەگەڵ پێشمەرگەکان دەگەڕا و لە جەریانی ژیانی خەڵک ‌و خەباتی پێشمەرگەکان وێنەی هەڵدەگرت و وەک بەڵگە بۆ داهاتوو تۆماری دەکرد.

شەهید سەدیق فیرووزی لە دوایین بەرپرسایەتیشدا نیشانی دا کە بەدڵ‌ و گیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حیزب ئامادەیە ‌و بۆ خەبات لە ڕێگای ئازادی ‌و وەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەکەی لە هەموو کات سوورترە. مخابن ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ لە ڕەوتی شه‌ڕێکی قاره‌مانانه‌ لەد‌ژی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی له‌ ناوچه‌ی کامیاران شه‌هید بوو. ئەو ئەگەرچی گوڵی تەمەنی زوو هەڵپڕووکا، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەی ژیاندا پێشانی دا شۆڕشگیرێکی کەم‌وێنە و خەباتگێڕێکی بەئیمان‌ و وەفادار بە ئامانجی بەرزی گەلەکەیەتی. بۆیەش ناو و یادی بۆ هەمیشە لە دڵ و زەینی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

ڕوحی شاد و سەنگەری خەباتی بەردەوام.