دوای ٧ ساڵ، پرۆژەی پردی دووهەمی ڕووباری گاماسیاو لە شاری "هەرسین" کە بەشێکە لە پارێزگای کرماشان، بە هۆی ناکارامەیی کاربەدەستانی ڕێژیم، هێشتا تەواو نەبووە.
لەو پێوەندییەدا، فەرهاد ئەحمەدی، بەرپرسی بەشی ڕێگاوبانی هەرسین، ڕایگەیاند کە پرۆژەی پردی دووهەمی ڕووباری گاماسیاو لە ناوچەی پردی چێهر و چەند پرۆژەیەکی دیکە لەوانە دروستکردنی ژێرگوزەری پەریوە- بابازید لە بەردەم گوندی چێهر، لەژێر بەرپرسیارێتی بەشی ڕێگاوبانی گشتی و گەشەپێدانی شار دانراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک هێشتا ئامادە نەکراون.
پڕۆژەی نیوەتەواوی دروستکردنی پردی دووەمی گاماسیاو لە ناوچەی پردی "چێهر"، بە ئامانجی ئاسانکاریی هاتوچۆ لە هەرسینەوە بۆ پۆلیسرای کرماشان- هەمەدان (سێ ڕێی هەرسین)، لە ساڵی ١٣٩٦ دەستی پێکردووە و دوای ٧ ساڵ نیوە تەواو ماوەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٤ میلیارد تمەن بوودجە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بیناسازی لە شاری هەرسین تەرخان کرا، کە تەنها ١٠ لەسەدی بەدی هاتووە.
قایمقامی هەرسین لە سەردانەکەی بۆ پردی دووەمی ڕووباری گاماسیاو لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، پێشکەوتنی ٦٦ لەسەدی پرۆژەکەی ڕاگەیاند و داوای کرد پرۆسەی تەواوکردنی ئەم پردە خێراتر بکرێت بەڵام ئەم پرۆژە گرینگە بە هۆی ناکارامەیی کاربەدەستانی ڕێژیم تا ئێستا تەواو نەبووە.