کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کرماشان بڵاوەی بە هێزەکانی کرد

00:00 - 2 بانەمەڕ 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئەمڕۆ شەممە، یەکی بانەمەڕی ١٤٠٣، ڕێژیم بڵاوەی بە هێز و کەلوپەلە نیزامییەکانی لە کرماشان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیم لە ترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەرهەوانیرووزی کرماشان و پادگانی مووشەکی لە کنێشک، بڵاوەی بە هێز و هێلیکۆپتەر و کەرەستە نیزامییەکانی کردووە.

ئیسرائیل بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٣١ی خاکەلێوە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئێرانی لە ئیسفەهان کردە ئامانج.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆڕتێکدا و بە پشتبەستن بە وێنە ئاسمانییەکان لە شوێنی هێرشەکە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە هێرشکەیدا بەشێکی گرینگ لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بنکەکەی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێ گەیاندووە.

هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر گرینگترین بنکە سەربازی و ئەتەمۆییەکانی ئێران دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە وێڕای لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هێرشەکە، ئەرتەش و دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی هێرشەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

بڵاوەپێکردنی هێز لەلایەن ڕێژیمەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵی کەم‌بایەخ نیشاندانی هێرشەکەی ئیسرائیلیان دەدا.