کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی زێڕ و دۆلار لە ئێران بۆ جارێکی تر لە ماوەیەکی کوردتدا ڕیکۆردی نوێ تۆمار کرد

12:00 - 15 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە، نرخی سکە بە تێپەڕکردنی ٤٢ ملیۆن تمەن و دۆلار بە تێپەڕکردنی ٦٣ هەزار تمەن، بەرزبوونەوەیەکی نوێیان لە ماوەیەکی کوردتدا و بۆ جارێکی تر، تۆمار کرد.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابڕدوودا و لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ڕەشەمەدا، نرخی زێڕ و دۆلار ڕێکۆردێکی نوێیان تۆمار کردبوو.

جگە لە زێڕ و دۆلار، لە سەرتای ساڵی نوێ و پاش تەواوبوونی پشووە نەورۆزییەکان نرخی خانۆ و ماشینیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتێساد" نرخی خانۆ لە تاران بە شێوەی نێونجیی لە میتری ٦٦ ملیۆن تمەن بۆ میتری ٨٤ ملیۆن تمەن زیادی کردووە و بەم پێیەش کرێ ماڵ و دوکان لە ساڵی ١٤٠٣دا بەرز دەبێتەوە.

هەروەها نرخی هەموو ماشینە دروسکراوەکانی نێوخۆی ئێران لە بازاڕدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیە بینیوە.

بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان لە ئێران کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بەتایبەتی چینی دەستکورت و مامناوەند هەبووە و کاردانەوەی بەرچاوی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە.

بە باوەڕی چاوەدێران و هەندێک لە شارەزایانی بواری ئابووری هێرشی ڕۆژی دووشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق، دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوە نوییەی نرخەکان لە ئێران بووبێت.

هەروەها بەشێکی دیکە لە کارناسان بەزربوونەوەی نرخی دۆلاریان بە هۆکاری سەرکیی بەرزبوونەوەی نرخەکان پاش پشووە نەورۆزییەکان زانیوە.