کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی زمانی کوردی بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ کرماشان سزا درا

10:16 - 2 بانەمەڕ 2724

سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی کرماشانی بە سەردا سەپێندرا.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سنە بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایشی وڵات" ئەو سزایەی بۆ سۆما پوورمحەممەدی دەرکردووە.

دانیشتنی پێڕاگەیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی ئەم مامۆستایە لە ٢٩ی خاکەلێوە لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوەچوو و ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕ، حوکمی دادگا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

پێشتر سۆما پوورمحەمەدی لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئیدریس مینبەری دوابەدوای دەرکرانی ئەم حوکمە بۆ سۆمای هاوسەری لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسی: سۆمای هاوژین و هاوخەباتم؛

کوردستانیبوون ڕەهەندێکی ئۆنتۆلۆجیکاڵی خەباتکارانە لە خۆ دەگرێت و مرۆڤی کوردستانی هاوکات لە گەڵ ژیانی، داگیرکراویی دەست پێ دەکات و لێرەوە  خۆڕاگری و ڕزگاریخوازی و ویستی ڕزگاری لە ژێردەستەیی دەبێت بە بەشێک لە ژیانی مرۆڤی کوردستانی.

زیندان و تاوانی داگیرکەران دژ بە ئێمە ناتوانێ ورەی ڕزگاریخوازیمان لێ بستێنێت.

ژیانی تۆ تەژی لە خۆڕاگری و هێمای ئازایەتی و بەگژاچوونەوەی داگیرکارییە دەسپێکی ئەم هەنگاوە نوێیەت لێ پیرۆز بێت.

ئەمڕۆ دادگای ئێرانی سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی کرماشانی بۆ سۆمای هاوژین و هاوخەباتم دەرکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری  ١٤٠١ سۆما پوورمحەممەدی ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوسەرەکەی ئیدریس مینبەری لە دادگای ئینقلابی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغی دادگاییکردن ئازاد کرابوو.