کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران لقی فەرماندەیی سپای پاسداران لە سووریە لەنێو چوو

11:09 - 2 بانەمەڕ 2724

کاناڵی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، تەواوی پلەبەندیی فەرماندەیی سپای پاسداران و بەرپرسانی چالاکییەکان لە سووریە و لوبنان کوژراون.

لە ڕاپۆرتی بلومبێرگدا هاتووە: ئەم فەرماندە باڵایانەی سپای پاسداران بۆ چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا زۆر گرینگ بوون.

بەپێی زانیارییەکان، محەممەدڕەزا زاهیدی و جێگرەکەی محەممەدهادی ڕەحیمی، لەگەڵ فەرماندەکانی دیکە کە کوژراون، دڵنیابوون لەوەیکە بینای کونسوڵخانەی تەنیشت باڵیۆزخانەکە ئەمنترین شوێنە لە دەمیشق و ئیسرائیل ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئەم شوێنە.

دوای  ئەو ڕووداوە کۆماری ئیسلامی گومانی چووەتە سەر چەندین گرووپ کە لە کوژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە سووریە دەستیان تێدا هەبووە و زانیارییان بە ئیسرائیل داوە.

ساڵی ڕابردوو دوای کوژرانی پاسدار ڕەزا مووسەوی لە سووریە، لە قۆناغێکدا کۆماری ئیسلامی دوای نیگەرانی لە تێوەگلانی هەواڵگریی سووریە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان بڕیاری دا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بە بەشداریی حیزبوڵڵا ئەنجام بدات.

ئەم لێکۆڵینەوە سەربەخۆیە گەیشتە ئەو ئەنجامە کە لە ئاستی باڵای سیاسی و ئەمنییەتیی سووریە درزی ئەمنییەتی هەیە و لەو ڕێگەیەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل سەدان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سپای پاسداران، میلیشیاکانی ڕێژیم و کۆگاکانی چەکوچۆڵی ئەو هێزانە و تێچوویەکی قورسی لێ داون.