کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لەوەبەدوا ناوی ژینا لە بری مەهسا بەكار دەبا

11:12 - 2 بانەمەڕ 2724

هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کورد لە نۆرویژ لەسەر بانگهێشتکردنی کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە ئۆسلۆ سەردانی ئەو کۆمیتەیەی کرد.

ڕۆژی چوارشه‌ممه، ٢٩ی خاکەلێوە هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کورد سەردانی کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی کرد کە لەلایەن بەشی به‌ڕێوه‌بردنی کۆڕ و کۆبوونه‌وه و سێمیناره‌کان لە کۆمیتەی ناوبراو بە گەرمی پێشوازیان لێ کرا.

لەو چاوپێکەوتنەدا باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە ڕۆڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پێشەنگ بۆ ئازادی و یه‌کسانی له‌ ئێران و هه‌روه‌ها وه‌ک یەکەم قوربانییانی دەستی ڕێژیمه‌کانی په‌هلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.

لەو کۆبوونەوە‌دا باسی درێژه‌دانی شۆڕشی ژینا لەلایه‌ن کچان و کۆڕانی ئازادیخوازی کورد و ئێرانی کرا که هه‌روا به‌رده‌وامه‌ و کۆماری ئیسلامی به‌ ده‌رکردنی بڕیاری دژه مرۆیی هه‌روا درێژه به سەرکوتی گەلانی ئازادیخواز ده‌دات.

هەیئەتی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کورد داوای کرد کە لە بری "مەهسا" ناوی "ژینا" بەکار بهێنرێت کە لەلایەن کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلەوە قەبوول کرا و بڕیاریان دا کە ناوی ژینا لە نووسراوەکانیاندا بە کار بێنن.