ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢ی بانه‌مه‌ڕ، خانەنشینكراوانی ئیداره‌ی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی له شاره‌كانی ئه‌هواز، كرماشان، ئەراک، تاران، شووش به ناڕه‌زایه‌تی نیشاندان به دۆخی ژیان و بژێویان و داواكردنی مافه‌كانیان و پێڕانەگه‌یشتن به داواكارییه‌كانیان له به‌ردەم ئیداره‌ی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی له شاره‌كانیان كۆبوونه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا كه ڕێژه‌یه‌كی زۆر له خانەنشینكراون به‌شدارییان كردبوو، به به‌رزكردنه‌وه‌ی پلاک كارت كه داواكارییه‌كانیان له‌سه‌ر نووسرابوو و هه‌روه‌ها دانی درووشمگه‌لی وه‌كوو "ئێرانیان دزی و ئێمه‌یان بێ چاره كرد، به‌رپرسانی ناكارامه چیان به‌سه‌ر هێناین، كاری ده‌وڵه‌ت دزیكردن له گیرفانی خه‌ڵكه، هه‌روه‌ها له هندێک له درووشمه‌كانیان به ناوهێنان له ئیبراهیم ڕه‌ئیسی وه‌كوو كه‌سێكی درۆزن و چه‌ندین درووشمی توندی دیكه داوای مافه‌كانیان كرد و ناڕه‌زایه‌تیان نیشاندا.
له لایه‌كی دیكه‌وه له شاری شووش زیاتر له ٤٠٠ كرێكاری شیرکەتی كاغه‌زسازی ئه‌و شاره بۆ پاڵپشتیكردن له‌و كرێكارانه‌ی كه له سه‌ر كاره‌كه‌یان ده‌ركراون كۆ بوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییان نیشاندا.
به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌تایبه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی توێژی خانەنشینكراوان ڕۆژانه له شاره‌كانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وامه، به‌ڵام لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی ڕێژیم سه‌ره‌ڕای دابین نه‌كردنی ماف و داواكارییه‌كانیان زۆر جار به توندووتیژییه‌وه و‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت به‌شێک له كه‌سانی ناڕازی ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به تۆمه‌تی ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه و تێكدانی ئەمنییەتی گشتی له ناوه‌نده دادوه‌رییه‌كان دۆسییه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ن.