کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی خوێندکارانی ئەمیرکەبیر لە ناڕەزایەتی بە سەرکوتکارییەکانی حیجابی زۆرەملێ

10:46 - 3 بانەمەڕ 2724

دوابەدوای ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکاری زانکۆی ئەمیرکەبیر بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو سەرکوتکارییانە و هاوسۆزی لەگەڵ هاوپۆلەکانیان، لە وانەکاندا بەشدارییان نەکرد و مانیان گرت.

ئەم مانگرتنە دوابەدوای دەرکردنی بانگەوازێک لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ مانگرتن لە پۆلەکان و ئامادەنەبوون لە وانەکان لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی مانگی بانەمەر دروست بووە.

لە بانگەوازەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناسنامەی زانکۆ بە بوونی خوێندکارانەوە گرێدراوە، داوا لە خوێندکاران کراوە کە لە دۆخێکدا کە زانکۆ مافی بنەرەتی خوێندکارانی بە فەرمی نەناسیوە لە ڕەوایی پێدان بە زانکۆ و  ئامادەبوون لە پۆلی وانەکان خۆ ببوێرن.

هەروەها لەو بانگەوازەدا بە ئاماژەدان بەوەیکە ژمارەیەکی زۆر لە هاوپۆلەکانیان لە خوێندن لە زانکۆ بێبەش کراون، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەمڕۆ پشتگیریان نەکرێت سبەی خوێندکارەکانی دیکەش ناتوانن بچنە ناو زانکۆ.

ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەر، هێزەکانی حەراسەتی زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران، بەهۆی جۆری جلوبەرگەوە ڕێگەیان بە ژمارەیەکی زۆر لە خویندکارانی کچ و کوڕ نەدا بچنە ناو زانکۆوە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە لەژێر ناوی گەڵاڵەی ''نوور'' هێزەکانی پۆلیس و بەسیج و هێزە لیباس شەخسییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاو ناگرن، زیاد کردووە.

لە سەرەتای جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕێژیم لە دژی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ بڵاو کراوەتەوە.