کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٦کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران

10:59 - 3 بانەمەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ لانیکەم ١٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو و ناڕازییان خوازیاری مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی "تەئیمینی ئیجتماعی" لە شارەکانی کرماشان، تاران، ئەهواز و ئەراک لە بەردەم بینای تەئمینی ئیجتماعی لەو شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ناڕازییان لەم کۆبوونەوانەدا خوازیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی هەڵاوسانەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکانی بژێوی ژیان بوون.

هەروەها لەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە کرێکارانی کارخانەی بەرهەمهێنانی کاغەزی "پارس و تەبێعەتی سێلۆلۆز" لە بەردەم فەرمانداریی شاری شووش، ژمارەیەک لە کرێکارانی "گرووپی مێللیی فوولاد"ی ئەهواز لە بەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە تاران، کۆمەڵێک لە ئۆپێراتۆرانی کارەبای خوزستان لە ئەهواز، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازی پۆڵا لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان و قائێمشار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری مافەکانیان بوون.

لە هەمان کاتدا ژمارەیەک لەو کەسانەی کە ناونووسییان کردبوو تاکوو ماشینی "پژۆ پارس" لە چوارچێوەی گەڵاڵەی یەکدەستبوون لە تاران وەربگرن و کۆمەڵێک لە باخدارانی تاکستان، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەوانیی یاسووج، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی کانگاکانی بەردەڕەژووی کرمان و هەروەها بەشێک لە کرێکارانی وەرزیی "کشت و سەنعەت"ی نەیشەکەر لە شووش بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوازیاری مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

شایانی باسە کە کووبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە دۆخی خراپی ژیان وەک ڕووتێنێکی ڕۆژانە و بەردەوام لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام هیچ گرینگییەکی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە پێ نادرێت و کێشەی خەڵک چارەسەر ناکرێت.