کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای لە ئورووپا کرد کە لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەتی شەیتانیی ڕێژیمی ئێران وەخەبەر بێتەوە

11:16 - 3 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی "پۆلیتیکۆ"، ڕایگەیاند کە ڕێبەر و سەرکردەکانی ئورووپا لە مەترسی و هەڕەشەکانی "ئیمپراتۆریەتی شەیتانی"ی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێناگەن و پێویستە کە لەو خەوە وەخەبەر بێن.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە کەڵکوەرگرتن لە هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیە بۆ هێرشكردنه‌ سەر ئۆکراین و بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کرد و هۆشداری بە سەرکردەکانی ئورووپا دا کە ئەگەر هەڵوێستێکی بەهێز لە دژی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی نەگرنەبەر لە داهاتوودا باجەکەی دەدەن.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، داوای لە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کرد، کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران گەمارۆ بدەن.

کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پۆستێكی ئاراستەی وەزیرانی دەرەوەی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کرد، و داوای لە وەزیرانی دەرەوەی ئورووپا کرد کە پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت بەرنامەی مووشەکیی ئێران سزا بدەن و دەبێت ڕێژیمی ئێران بوەستێنین.

لەلایەکی دیکەوە، دوابەدوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەدا دەیان سزای نوێیان بەسەر بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پیشەسازییەکانی پۆڵا و کۆمپانیاکانی ماشینی ئێراندا سەپاند.

هەروەها هەڵمەتی دیپلۆماسی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی سزای زیاتر لە دژی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیی حکوومەت ئێران بەردەوامە.