کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

12:06 - 3 بانەمەڕ 2724

ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ١٥ هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی بەهارستانی ئێسفەهان، پاش پێگەیشتنی ئاگادارییەک، بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئێسفەهان کران.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەم ١٥ هاووڵاتییە ژنە بەهاییانە ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" و "بەشداریکردن لە چالاکیی تەبلیغی و چالاکیی پەروەردەیی دژی شەریعەتی ئیسلامی" بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەحاڵێکدا هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ئازادییەکانی پەیوەست بە بیروباوەڕی ئایینیی خۆیان بێبەش دەکرێن کە بەپێی ماددەی ١٨ی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ١٨ پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەر کەسێک مافی ئازادیی ئایین و گۆڕینی ئایین یان بیروباوەڕی هەیە، هەروەها ئازادیی دەربڕینی بە تاک یان بەکۆمەڵ، بە ئاشکرا یان بە نهێنییان هەیە.

ئامارە نافەرمیەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەهایی لە ئێراندا دەژین، کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمەوە گۆشەگیر کراون.