کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و هەڵاوسان سەفەرکردنی لە بنەماڵە هەژارەکان ستاندووەتەوە

17:53 - 3 بانەمەڕ 2724

زیادبوونی تێچووی خواردن و خانووبەرە، پشکی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکانی خۆشبژیویی لە سەبەتەی کڕینی بنەماڵە هەژارەکاندا گەیاندووەتە سیفر، بەشێوەیەک کە ناوەندێکی ڕێژیم باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٤٠٠دا نزیکەی ٧٠ لەسەدی بنەماڵەکان لە ئێران سەفەریان نەکردووە.

گەشەی درێژخایەنی ڕێژەی هەڵاوسان لەگەڵ پێنەدانی مووچە لە ساڵانی ڕابردوودا وای کردووە کە مووچەخۆران هەژارتر بن و ناچار بن بەشێکی زۆری کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ژیاندا بە کار نەبەن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە تاوتوێی پشکی تێچووی کات بەسەربردن لە بوودجەی بنەماڵەکاندا، وتوویەتی کە ڕێژەی تێچووی سەفەر و کات بەسەربردن لە ساڵی ١٤٠٠دا بۆ ٣٨ لەسەد دابەزیوە. ڕێژەی خەرجییەکانی گەشت و کات بەسەربردن لە ساڵی ١٣٩٠دا نزیکەی ٧١ لەسەد بووە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٤٠٠دا تەنیا ٣٠ لەسەد  لە ٢٦ میلیۆن و ٣٠٢ هەزار بنەماڵەی نیشتەجێ لە ئێران لانیکەم جارێک سەفەریان کردووە و ٧٠ لەسەدیش هەرگیز سەفەریان نەکردووە. گرینگترین هۆکاری سەفەرنەکردن لە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠دا ئابووری بوو.

داتاکانی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس دەریدەخات کە هەبوونی ماشینی شەخسی و کرێنشینی و هەبوونی کارێک بە داهاتێکی گونجاو کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئەرێنیی لەسەر سەفەر و کات بەسەربردن هەیە.

بەپێی داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە، دەهەکی دەیەم کە خاوەنی ماشین و خانوو و کار بە داهاتی گونجاون، ٣٩.٨ هێندەی دەهەکی یەکەم پارەیان بۆ کات بەسەربردن و گەشتکردن خەرج کردووە.

٨٧ لەسەدی بنەماڵەکانی دەهەکی یەکەم خاوەنی ماشین نین، لەکاتێکدا ٨٣.٣ لەسەدی دەهەکی دەیەم ماشینی شەخسی بەکار دەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە کرێکاران و تەنانەت بەشێک لە چینی مامناوەند کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی زیادبوونی تێچووی خزمەتگوزارییەکان و هەڵاوسانی خانووبەرە و خۆراکەوە کە بووەتە هۆی ئەوەیکە دەهەکەکانی خوارەوە لە سەفەرکردن بێبەش بن.