کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی ١٤٠٣، توانای کەمکردنەوەی هەژاریی لە ئێراندا نییە

17:55 - 3 بانەمەڕ 2724

ناوەندی لێکۆڵینەوەی بوودجەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ئەو ئاکامەی کە بوودجەی ئەمساڵ درێژەپێدەری یاساکانی بوودجەی ساڵانی ڕابردووە و بە لەبەرچاوگرتنی توانا و سنووردارکردنی بوودجە، ناتوانرێت چاوەڕوانی زۆر لەم بوودجەیە بکرێت و توانای بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی هەژاری، بە تایبەتی توانا بۆ دروستکردنی گەشەی ئابووریی لە ئێراندا هەبێ.

 

بە وتەی شارەزایانی ئەو ناوەندە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بوودجەی ئەمساڵدا بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەژاری لە ڕێگەی کاریگەریی ڕاستەوخۆ و تواناییەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی هەژاری نەکراوە، بۆ نموونە سەرچاوەی بوودجەی یارانە کە یەکەم هەنگاوی دەسەڵاتەوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بە نیسبەت هەڵاوسانەوە هیچ گەشەیەکی نەکردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی توێژینەوەی مەجلیسدا هاتووە کە  لە بوودجەی ئەمساڵدا گرینگی بە پێوەرە گرینگەکانی هەژاری دراوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بە پشتبەستن بە بوودجەی ئەمساڵ، حکوومەت لە ساڵی ١٤٠٣دا، ٥ ملیۆن تمەن هاوتای نرخەکانی ساڵی ١٣٩٥ بۆ هەر ئێرانییەک خەرج دەکات کە ئەوەش ڕێک دەکاتەوە هاوتای نرخی ساڵی ١٣٩٠ و ئەوەش هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر دۆخەکەدا ناهێنێت.

بودجەی ڕێژیم بۆ ساڵی  ١٤٠٣ توانای کەمکردنەوەی هەژاری نییە و لە دوای ساڵی ١٣٩٦ـەوە ژمارەی هەژاران بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بە ڕێژەی ٥٠٪ لە ئێراندا زیادی کردووە.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس، هێڵی هەژاریی ڕەها بۆ هەر تاکێک لە ساڵی ١٤٠١دا نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٦١ هەزار تمەن بووە و بەپێی داتاکانی هەڵاوسان، لە ساڵێکدا هێڵی هەژاری بۆ خەڵک لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٤٠ هەزار تمەن بووە، هەروەها  هێڵی هەژاری بۆ خێزانێکی سێ کەسی لە ساڵی ڕابردوودا هەشت ملیۆن و ٢٣٢هەزار تۆمان مەزەندە کراوە.

 

ڕێژەی هەژاری لە ئێران لە سەرەتای ساڵانی١٣٩٠  تا ساڵی ١٣٩٦ڕەوتێکی جێگیری هەبووە، بەڵام لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە  تا ١٣٩٨ بە ڕێژەی ١٠٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٠٪  تا٣٠٪ .

 زیادبوونی ڕێژەی هەژاری بە ڕێژەی ١٠٪ بە واتای زیادبوونی نزیکەی ٨ میلیون کەسی هەژار لە وڵاتدایە، بە واتایەکی تر لە دوای ساڵی ١٣٩٦ـەوە  نزیکەی ٥٠٪ بە بەراورد لەگەڵ ماوەکانی ڕابردوو، ژمارەی خەڵکی هەژار لە وڵات زیادی کردووە.

بوودجەی ساڵانەی ڕێژیم دەبێ بۆ خەرجییەکان و نەهێشتنی هەژاری تەرخان بکرێ بەڵام ستراتێژی و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران دۆخی ژیان و بژێوی خەڵک و کۆمەڵگەی بە ئاقارێکدا بردووە کە بە هیچ بەرنامە و گەڵاڵەیەک توانای قەرەبووی ئەو سیاسەتە و ئەو دۆخەی نییە.