کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی پەرە بە گەڵاڵەی نوور دەدات

12:10 - 4 بانەمەڕ 2724

پاش ئاشکراکردنی گەڵاڵەی نوور لەلایەن فەرماندەیی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامییەوە و بەرەوەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس لەگەڵ ژنان لە شەقامەکان، ئەم ناوەندەی ڕێژیم باسی لە زیرەککردنی ئەم گەڵاڵەیە کردووە.
"فەراجا" بە چەواشەکاریی ڕاستییەکان لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە ڕەوتێکی میدیایی دژبەری خەڵکانی ئێران هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی بۆ جێبەجێکرانی گەلاڵەی نووریان دا بەڵام بە هاوکاریی خەڵک و پۆلیس و زاناکان، کەرامەتی ژنی ئێرانی پارێزراو بوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا کە بە سەرجێبەجێکرانی ئەم گەڵاڵەیەدا تێپەڕ بووە کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە شارەکانی ئێران بڵاو بوونەتەوە کە نیشانی ئەدات هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و لیباس شەخسییەکان بە شێوازێکی نامرۆڤانە و توندوتیژانە ژنان و کچان لە شەقامەکاندا بە لێدان و ڕاکێشان سواری وەنەکان دەکەن.
گەڵاڵەی نوور پاش وتاری نوێژی جێژنی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە بە پشتیوانیی هەموو پایە و پێکهاتەکانی ڕێژیم لە حاڵی بەڕێوەچووندایە.
خامنەیی لە وتارەکەیدا داوای لە هێزەکانی خۆی کە "ئامرانی بە مەعرووف" ناویان لێ دەبا کردبوو کە بە وتەی خۆی بەرەوڕووی پێشێلکردنی بەها ئایینییەکان ببنەوە.
تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەم وتارەی ڕێبەری ڕێژیم، فەرماندەیی ئینتزامی ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوە لەژێر گەڵاڵەیەکدا بە ناوی گەڵاڵەی "نوور" بەرەوڕووی پۆششی ژنان دەبێتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەیی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندبوو کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدان تاکوو خۆڕاگرییەکان لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ پاش خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەنێو ببەن.
ئەم ڕێکخراوە زیادی کردبوو کە ڕێژیم بە دروستکردنی ترس لە دڵی ژنان و کچاندا ژیانی ڕۆژانەی ئاڵۆز کردوون و بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی بۆیان.