کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوور و ناڕوونیی بڕیارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ

12:15 - 4 بانەمەڕ 2724

لە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە، گەلاڵەی نوور بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو پرسەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە بە بێ حیجابی ناوی لێ دەبردرێ دەستی پێ کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، گوشاری ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک و بەتایبەت ژنان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ زیادی کردووە.

ڕۆژنامەی مەردۆم سالاری بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک باسی لەوە کردووە کە پێوەرەکانی ئەم حیجابە ناڕوونن و ئەم ناڕوونییە وای کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر خوێندکارانی کچ لە زانکۆکاندا زیاد بکات.

بە وتەی خوێندکاران، بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆ لە نەبوونی پێوەرێکی ڕووندا، هەر جار بە بیانوویەک، هۆشداری بە خوێندکارانی کچ دەدەن و هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە جۆری پۆشش بە خوێندکارەکان نەدراوە.

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گوشارەکان دوابەدوای جێبەجێکرانی گەلاڵەی نوور، فەرماندەیی ئینتیزامیی ڕۆژاوای تاران باسی لە داخستنی ٢١ پەیجی ئینستاگرامی کردووە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، ئەم کارە لە ڕاستای پەرەدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب و لە چوارچێوەی گەلاڵەی نووردا کراوە و جیا لە داخستنی پەیجەکان، یاسا بەرەوڕووی بەڕێوەبەرانی ئەم پەیجانەش بووەتەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هۆشداری داوە کە هەر چەشنە چالاکییەک کە دژی حیجابی زۆرەملێ بێت یان پێوەرەکانی ئەم گەڵاڵەیەی تێدا ڕەچاو نەکرێ، بە شێوەی یاسایی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ.

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک و بەتایبەت ژنان لە دوای شۆڕشی ژینا، لە بواری حیجابی زۆرەملێ بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە و ژنان لە هەموو پێگە و جێگایەکی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توند و نەشیاوی بەرپرسانی ڕێژیم دەبنەوە.