کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا لە سەر پەرەدان بە گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی ڕێک کەوت

16:50 - 4 بانەمەڕ 2724

بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی ٢٧ وڵاتی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لەسەر پەرەدان بە گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بنەمایی ڕێککەوتنیان کرد.
جوزێپ بورێڵ ڕۆژی دوشەممە ٣ی بانەمەڕ پاش دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەر پەرەدان بە سزاکان بۆ سەر بەرنامە دڕۆنییەکانی ئێران ڕێککەوتنێکی سیاسیمان کردووە تاکوو بەرنامە مووشەکییەکەیش بگرێتە خۆی و ببێتە هۆی پێشگرتن لە گواستنەوەی مووشەکەکان بۆ ڕووسیە".
بۆرێڵ زیادی کردووە کە ئەم سزایانە پەرە دەگرێت تاکوو ئێران نەتوانێت جگە لە ڕوسییە مووشەک و دڕۆن بۆ گرووپە میلیشیاکانیشی لە ناوچەکە هەناردە بکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی بێلژیک پێش دانیشتنەکە ڕایگەیاندبوو کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک سزای نوێ بۆ سەر ئێران بخرێتە بەر باس کە سپای پاسدارنیش بگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ گەمارۆ نوێیەکان کاردانەوەی نیشان دا و لە هەژماری ئیکسی خۆیدا ئەم هەوڵەی یەکیەتیی ئورووپای بە "دروستکردنی بەربەستی زیاتری نایاسایی بە دژی ئێران" لە قەڵەم دا.

شایانی باسە کە دانیشتنی ڕۆژی ڕابردووی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا سەرەتا سەبارەت بە چۆنییەتی یارمەتیدان بە ئۆکراین بوو.

گەمارۆ نوێیەکان بۆ سەر تاران لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی ڕۆژانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، کەوتە بەر باس و خواستی وەزیرانی دەرەوەی ئەم ٢٧ وڵاتە.