کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لانیکەم شەش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران بەڕێوە چوو

12:13 - 5 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی فەرهەنگی لە بەردەم پارێزگای یەزد، ژمارەیەک مامۆستای خانەنشینکراو لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە لە تاران، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی بەندەرعەباس لە بەردەم پارێزگاریی ئەم شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی کاغەزی لە بەردەم پارێزگاریی شاری شووش و ژمارەیەک لە شۆفێری ئۆتۆمبێلە قورسەکان لە بەردەم کۆمپانیای نەفتی خاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد.

لە لایەکی دیکەوە، هاوکات کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەوانیی یاسووج لە بەردەم شارەوانیی ئەم شارە کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان کرد.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.