گوتاری نەتەوەیی ئێمە و ئالنگارییەکانی بەردەمی
(وتووێژ لەگەڵ د. ئاسۆ حەسەنزادە، مافناس و مامۆستای زانکۆ)
دیمانە: عەلی لەیلاخ
"کوردکاناڵ" لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ باس لەسەر پرسێکی هەستیار وتووێژێکی لەگەڵ د. ئاسۆ حەسەنزادە، تێکۆشەری سیاسی و مامۆستای زانکۆ پێک هێنا. تەوەری ئەم باسە گرینگە گوتاری نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوورەدیمەن و بۆشاییەکانی نێو ئەو گوتارە سیاسییە و دۆخی خەباتی کورد لە ئێران بوو. ڕۆژنامەی "کوردستان" ئه‌م دیمانه‌یه‌ی پیاده کردوه و پاش ئێدیتکرانی له‌لایه‌ن د. ئاسۆوه، بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە.
د. ئاسۆ پێناسەکانی گوتاری نەتەوەیی و تایبەتمەندییەکانی چین؟ گوتاری نەتەوەیی بە دیاریکراوی لەنێو حیزبی دێموکرات‌دا چۆن شکڵی گرتووە؟
ئەو بابەتە بابەتێکی پێکهاتەیی و بنەڕەتیی خەباتی ئێمەیە. ڕاستە خەبات لە مەیداندا دەچێتە پێش و مەیدانداریی پێویستە، کەرەستەی ململانێی سیاسیی بە هەموو شێوەکانی بەتایبەتی بە شێوەی ماددی وعهینی پێویستە، کەرەستەی مرۆیی پێویستە، بەڵام پێش ئەوە ڕوانگەیەک دەبێ هەبێ بۆ خەبات کە ئەم ڕوانگەیە گوتارێک بەرهەم دێنێ. جا هەتا گوتارەکە ڕوونتر و قایمتر گەڵاڵە بکرێ، ئاراستەکردن و تەرجوومەکردنیشی لە مەیدانی کرده‌وه‌دا باشتر وەدی دێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییه کە لەنێوان خەباتی کورد لە پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا هەیە، دەتوانین بڵێین وێکچوونێكی زۆریش له‌باری بنه‌ماکان، ته‌زاده ده‌روونییه‌کان و پارامێتره دائیمی و بگۆڕه‌کانی پرسی کورد له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هه‌یه. ئه‌گه‌ر بە شێوەیەکی مێژوویی چاوی لێ بکەین، لەگەڵ ئەوە کە ئێمە پێش سەردەمی مۆدێڕنیش یانی پێش ئێرانی ئه‌مڕۆ خەباتێکی چەند سەت ساڵەمان بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمان هەیە و لە سەردەمی تازەشدا بەتایبەتی لەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی و دامەزرانی کۆماری کوردستان و ئەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەوە هەتا ئێستا دایڕشتوە و دواتریش له‌گه‌ڵ حیزبەکانی دیکە بردوویه‌ته پێش؛ ئه‌گه‌رچی لە فۆرمووله کردنی ستراتژیدا جیاوازی هه‌بووه و به‌تایبه‌تی ئه‌مڕۆ فره‌چه‌شنییه‌کی زیاتر له پانۆڕامای سیاسیی خەباتی ئێمەدا هەیە، بەڵام لە کاکڵدا لە ڕۆژی ئەوەڵەوە هەتا ئێستا گوتاری نەتەوایەتیی ئێمە - به‌ده‌ر لەوە کە چ فۆرموولێک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی یا پرسی کورد لە ئێران پێشنیار کراوە- له‌سه‌ریه‌ك گوتارەکە گوتارێکی سەروەریخوازانە بووە. دیاره سەروەریخوازی مەرج نییە هه‌ر بە مانای سەربەخۆییخوازی بێ. سەروەریخوازی ئەوەیە کە لەسەر بنەمای خاک و ناسنامەی نەتەوەیی داوای گەڕانەوەی حاکمییەتی نەتەوەیی بۆ گەلەکەی خۆت بکەی، ئه‌مه‌ش لە ڕێگای هێماسازی و نیهادەکانی بەڕێوەبردنی خۆت و خۆناساندن و خۆدەرخستنت بەڕووی ئەوانی دیکەدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خاک و ناسنامه‌یه. هه‌رله‌وکاته‌دا ئه‌و گوتاره گوتارێکی دەمارگرژ نەبووە و زەرفییەتی سیاسیی زۆر تێدا بووە. هه‌ر ئه‌و زهرفییهتهشه که وای کردووه کۆمه‌ڵێک کەلێن و کولێن و که‌موکوڕی و نالێکی دەروونیی لێ بکه‌وێته‌وه.
تا چ ڕادەیەک ئەم گوتاری نەتەوەییە بۆ نموونە لە خەباتی بەردرێژی بەتایبەتی حیزبی دێموکرات‌دا شۆڕ بووتەوە نێو کۆمەڵگە یان لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازیی لێ کراوه؟
کاتێک وتاری نەتەوایەتی یا هه‌ر ستراتژییهكی سیاسی دیاری دەکرێ لە هیچ شوێنێکی دنیا حیزبێک ناچێ ڕێفراندۆم بکا لە سەر ئەوە کە چ وتارێکی نەتەوایەتی یا چ دروشمێکی ستراتێژی هەڵبژێرێ. حیزبێکی بەرپرسیار و هەڵقوڵاو لە کۆمەڵگەی خۆی بەپێی زەروورەتەکانی سەردەمی خۆی و بەپێی نیاز و چاوەڕوانییەکانی ئەو جۆغرافیایەی تێدا دەژی، هی سەرزەمینەکەی خۆی و بە تایبەتی ئەوە که خەون و مەرام و ئارەزووی خەڵکی خۆیەتی بیر دەکاتەوە کە دەبێ چ بۆشایەک پڕ بکاتەوە و بۆچی دروست دەبێ؟ حیزبی دێموکڕاتیش هه‌ر وای کردوه. ئه‌گه‌رچی شەرعییەتی دیاریکردنی دروشمی ستراتژی له‌پێشدا زۆرتر شەرعییەتێکی ڕێکخراوەییە (چونکە کە تۆ ستراتێژییەکەت گەڵاڵە کرد لە مه‌وعیدێكی تەشکیلاتیی وه‌ک کۆنگرەدا پەسندی دەکەی)، بەڵام دواتر بەپێی خەڵکیبوون و جەماوەریبوونی حیزبەکە و خەباتەکەی و بەپێی پشتیوانیی خه‌ڵك و بەپیلەوەهاتنی خەڵک بۆ بانگه‌واز و به‌رنامه‌کانی له‌بواری دابینکردنی کەرەستەکانی خەباتدا دەبینی خەڵکەکەت لەگەڵە یا لەگەڵ نییە و ئه‌مه له درێژمه‌ودادا شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ریش به گوتار و دروشمی حیزبه‌كه ده‌به‌خشێ. لەپێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و حیزبه بهڕابردووهکانی دیکه‌شدا ده‌بینین که پشتیوانیی خه‌ڵك وای کردووه که دروشم و داواکارییه‌کانیان هه‌م هه‌ڵقوڵاوی خه‌ڵک بن هه‌م دووباره شۆڕ ببنه‌وه نێو کۆمه‌ڵگا. بەڵام لە ڕەوتی بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی سیاسی و وشیاری نەتەوایەتیی خۆماندا، به‌پێی بەردەوامبوونی سەرکوت و زەبروزەنگ یان ته‌نانه‌ت بەپێی ئه‌وه که نه‌سله‌کان نوێ ده‌بنه‌وه و نه‌وه‌ی نوێ ره‌نگه بیه‌وێ به خه‌ون و روانگه‌ی نوێوه بێته مه‌یدان، جاری وایه بۆشایی تازه دروست ده‌بێ. لێرەدایە که حیزبه‌کان ده‌بێ گوێیان له ده‌نگه نوێیه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگا بێ و جیا له روانگه‌ی خۆی، پێ بە پێ لەگەڵ کۆمەڵگەش پێویستیی به‌ڕۆژکردنه‌وه‌ی خۆی و به‌رنامه سیاسییه‌که‌ی هه‌ست پێ بکا چونکه پێوەندی نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگە ده‌بێ پێوەندییه‌کی دوو لایەنە بێ.
دوکتور هەر کاتێک لە ئێستای ئێران‌دا رووداوێك روو ده‌دا بەتایبەت لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بە دیاریکراوی پاش شۆڕشی ژینا کە پرسی کورد زیاتر ورووژایهوه، نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو به‌شیکی به‌رچاو له ئۆپۆزیسیۆنیش یه‌کسه‌ر باس له ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی ده‌کا. لەلایەکی دیکەوە باس لە پێویستیی نەمانی دیواری ئێتنیکی دەکرێ. له بنه‌ڕه‌ت ڕا تەجزییەتەڵەبی چیه و چ تاوانێکە که دەدرێتە پاڵ کورد و چ جیاوازییەکی لەگەڵ سەربەخۆییخوازیدا هەیە؟
زۆر بەجێ ئاماژەت بە شۆڕشی ژینا کرد. لە شۆڕشی ژینادا بە تایبەتی لە سەرەتاکاندا هاوپێوەندییەکی هەرگیز نەدیتراو لەنێوان کۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێران له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه لەگەڵ کوردستان بە خەڵک و بە حیزبەکانیەوە دروست بوو. بەڵام ته‌نیا دوای چه‌ند مانگ ده‌رکه‌وت که ئه‌م شۆڕشه ده‌رفه‌تێکیش بوو بۆ به‌رجه‌سته‌تر بوونه‌وه‌ی جیاوازی و مه‌ودای نێوان ئه‌و دووانه و ده‌رکه‌وت کە ڕوانگەی گشتیی کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران لانیکه‌م له‌و به‌شه‌دا که ته‌عبیر له مه‌زنیخوازیی ناسیۆنالیزمی فارس ده‌کا زۆر له‌وه که ئێمە ئارەزووی دەکەین دووره. سه‌باره‌ت به تۆمه‌تی ''تەجزیەتەڵەبی" ده‌بێ بڵێم ئه‌وه ئیستلاحێکه له‌لایه‌ن شۆڤێنیسته‌کانی ئێرانه‌وه داتاشراوه و هه‌ربۆخۆی ته‌عبیر له مه‌زنیخوازی له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌دا ده‌كا. هەر چەمکێک، هەر دەستەواژەیەک کە لە زمانە موعته‌به‌ر و کارپێکراوەکانی دنیا لە بواری زانستی سیاسی‌دا هاوواتای نەبوو بزانە شتێکی دروستکراو و بێمانایە. هەڵبەت له‌و زمانانه‌دا شتێکمان بە ناوی جوداییخوازی هه‌یه، بەڵام هیچ بهرامبهرێكمان بۆ ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی نیه. لە قانوونی نێودەوڵەتیشدا ته‌نیا وەختێک وشەی –تەجزیە Dissolutionبە کار هات کە یەکیەتیی سۆڤیه‌ت و یووگۆسلاڤی لەبەریەک هەڵوەشان. ئێمە وەکوو کورد لەگەڵ ئەوە کە پێمان خۆشە گه‌ل و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی دیکه‌ش لە ئێران بە مافە نەتەوایەوتییەکانی خۆیان بگەن، بەڵام خۆ ئێمه به وه‌کیلایه‌تیی ئه‌وان داوا ناکه‌ین ئه‌وان سه‌ربه‌خۆ بن هه‌تا بڵێن تهجزیهتهڵهبین (چونکه ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی یانی لایه‌نگری له له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان). کەوابوو تەجزیەتەڵەبی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا قسه‌یه‌کی بێجێیه. دەمێنێتەوە جوداییخوازی یا سه‌ربه‌خۆییخوازی که ئه‌وه چه‌مکێکه، مافێکه هه‌یه و هیچ گوناحیش نیه. ئێستا ئەگەر جەنابت لە من بپرسی ئه‌تۆ لایەنگری ئەوەی ستراتیژیی سیاسیی ئێستامان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بگۆڕدرێ؟ به هۆکارگەلێک کە ئێستا جێگای نییە له وڵامدا دەڵێم نه‌خێر، ستراتیژییەکەی ئێستامان وه‌ک ئه‌سڵ هیچ عه‌یبی نیه، بەڵام لە فۆرموولهکردن، کارپێکردن و خوردکردنهوهیدا کۆمه‌ڵێك کەلێن و کولێن و که‌موکوڕی هەیە که دەبێ ئەوانه چاک بکەین. به‌هه‌رحاڵ جوداییخوازی هیچ تاوان نیە. تەنانەت ئه‌من پێم وایە ئه‌گه‌ر ده‌نگی سەربەخۆییخوازی لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێمەدا هه‌بێ، دەبێ ئه‌و ده‌نگه بەهێز بکەین. ئێمه دەتوانین لە چوارچێوەی سەنتێزێکی نەتەوایەتیدا، فیدڕاڵیخوازی و سەربەخۆییخوازی و تەنانەت ئەوانە کە داوای کەمتر لە فیدڕاڵیش دەکەن لەژێر ناوی ئەوەدا کە ئه‌من ناوم نا سەروەریخوازی بە جۆرێک کۆ بکه‌ینه‌وه که هه‌موویان ببنە تەواوکەری یەکتری.
چەندە ڕەفتاری ئەوانی دی و لایەنی بەرانبەر کاریگەریی لەسەر ئەو گوتارەی تۆ وەکوو کورد هەیە، بە جوداییخوازیشەوە؟
پێش هەموو شتێک ئەمن لەو باوەڕەدام کە واقیعی سیاسی هەرچی بێ، بۆ نموونه له‌بواری مهیدانییشدا پاشەکشهت پێ بکه‌ن، ئه‌تۆ نابێ له جەوهەری گوتاری خۆت پاشگه‌ز ببیه‌وه. ئەتۆ ده‌کرێ تووشی حاڵەتێک بی کە کەسێکی دی بێته سه‌ر ماڵه‌که‌ت یا لە ماڵی خۆت دەرت بکا، بەڵام کە لە ماڵەکەت دەری کردی نابێ بڵێی وایه، ئێرە ماڵی هەردووکمانە، وه‌ره با پێکه‌وه تێیدا بژین. نەخێر ئێرە ماڵی منە و ئەتۆ هاتوویه سه‌رم یا دەرت کردووم. ئەتۆ نابێ قەبووڵی بکەی کە کەسێکی دیکە داوات لێ بکا حاشا له خۆت و ناو و ناسنامه و مافی بنه‌ڕه‌تیی خۆت بکه‌ی. تۆ که گوتت ئەمن نەتەوەی کوردم، باسی جیاوازیی نەتەوایەتیت کردوە. جیاوازیی نه‌ته‌وایه‌تییش له‌بواری حقووقیدا ڕیزێك ئاکام و ده‌ره‌نجامی هه‌یه. که‌وابوو واقیعی سیاسی هه‌رچی بوو، ئێمه هه‌ر ده‌بێ لە کۆمەڵێک بابەتی بنەڕەتیی پێوه‌ندیدار به گوتار و ناسنامە و هێماکاندا، له جۆری قسەکردن و بەکاربردنی چەمکەکانی پێوەندیدار بە ناسیۆنالیزم و نەتەوەبوون یا سه‌باره‌ت بە ڕێگاچارەی پرسی نەتەوایەتی، ده‌بێ به شێوه‌ی نه‌گۆڕ و قائیم به زات قسه بکه‌ین و داکۆکی لە جه‌هانبینی و مۆدێلی خۆمان بکەین. ئه‌وی دی هه‌رچی بڵێ، ئێمە نابێ ببین بە بڵیندگۆی ئەوەی ئەو دەیڵێ که له‌ڕاستیدا شتێك نیه جگه له حاشاکردن له بوونی ئێمه. ئه‌گه‌ر دۆخی خەباتی ئێمە بەجۆرێکە که خوازراو نیه ئه‌وه خه‌تای ئەو شتە نیە کە داوای دەکەین و پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی به گوتاره‌وه نیه، بەڵکوو پێوەندیی بە کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری دیکه‌وه هەیە که فاکته‌ری سیاسی و مه‌یدانیین. ئه‌تۆ داوای هەرچیهک بکەی، داوای هەرە کەمەکەش بکەی، مادام ده‌ڵێی کوردم و جیاوازم و وه‌ک کورد ئازادییم ده‌وێ، ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کا که له‌گه‌ڵی کردووی. ئێمه نابێ بۆخۆمان به جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته بکه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی تابوو بێ، چونکه ئه‌گه‌ر له به تابووکردنی سه‌ربه‌خۆییخوازیدا یارمه‌تیت به‌وان کرد، ئه‌وده‌م هه‌موو ئه‌و فۆرموولانهی دیکه‌ش که بۆ چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی پێشنیاری ده‌که‌ی، مادام له‌گه‌ڵ ناوه‌ندگه‌رایی و مهزنیخوازییهکهی ئه‌وان ناگونجێ، هه‌ر تابوو ده‌بن. سه‌رنج بده‌ن ئه‌وانه‌ی به‌ناوی ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی ته‌كفیری کورد ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ساده‌ترین مافی کوردیش که خوێندن به زمانی دایکه ده‌که‌ن.
مەبەستت ئەوەیە کورد نابێ بترسێ و ئه‌گه‌ر فشاریشیان بۆ هێنا نابێ ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی به تاوان بزانێ؟
هه‌روه‌ک گوتم ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی هیچ مانای نیه. کورد ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بیهه‌وێ له ئێرانیش جودا بێته‌وه، هێشتا ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌ب نیه، به‌ڵكوو جوداییخوازه. ئه‌وه‌ش نه تاوانه و نه شتێکی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. ئه‌من ده‌توانم زۆر نموونه‌ت له وڵاتانی دێموکراتیک بۆ بێنمه‌وه (بۆ نموونه کانادا، پۆرتووغال، ئیتالیا، بێلژیک، دانمارک، ... هتد) کە پارته سیاسییه‌کانی سه‌ر به گه‌لێک لەوێ جوداییخوازیشن، کەچی لە پارلمان نوێنەریان هه‌یه و تەنانەت جاری وایه دەچنە نێو کابینەی دەوڵەتیشەوە،. لە ئیسپانیا پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کاتالۆن سه‌رکرده‌که‌یان تەنانەت حوکمی جه‌لبی بۆ ده‌رچوو، کەچی یەک دوو ساڵ دواتر کاندید بوو بۆ هەڵبژاردنی پارلمانی ئورووپا و هەڵیش بژێردرا. حاشای لێ ناکرێ مامه‌ڵه‌ی حکومەتی ئیسپانیا لەگەڵ کاتالۆن زۆر خراپ بوو و وه‌ك ئه‌و مامه‌ڵه‌یه نه‌بوو که ئینگلستان له بابه‌تی سه‌ربه‌خۆییخوازیدا له‌گه‌ڵ سکاتله‌ند یان کانادا له‌گه‌ڵ کێبێکی کردووه و ئەوە نیشانی دەدا هەر وڵاتێک بەستێنی خۆی هەیە و دێموکراسی بە تەنیا پرسی نەتەوایەتی چارەسەر ناکا. ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌وه که ئێرانییه‌کان ده‌ڵێن مه‌رجمان بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵتان ئه‌وه‌یه که که‌س به‌لای پرسی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسدا نه‌چێ، قسه‌یه‌کی زۆر غه‌یره دێموکراتیکه.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به دیواری ئێتنیکی بۆچوونتان چیه؟
ئه‌وه‌ش که ده‌ڵێن نابێ دیواری ئێتنیکی هەبێ هه‌ر چاوەڕوانییەکی ناواقیعی و بێجێیەیە. ئێستا هێندێک ڕووناک‌بیری کوردیش لەژێر ناوی فەزیلەتی ئاکادیمییەوە فێر بوون دەڵێن دیواری ئێتنیکی خراپە. لە دنیادا هەموو نەتەوەکان، هەموو دەوڵەتەکان تهعهلوقیان بە ناسنامەیەکی ئێتنیکی و نەتەوایەتییهوه هه‌یه، جا ئەو ناسنامەیە دەکرێ فرەچەشن بێ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فرەنەتەوایەتی بێ که ئەوە شتێکی باشە و ئێمەش بۆ ئێرانی داهاتوو هەر ئەوەمان دەوێ. بەڵام هەموو دەوڵەتێک و هه‌موو قه‌واره‌یه‌ک زمانی هه‌یه، ناسنامه‌ی هه‌یه، سروودی هه‌یه. دەی باشە ئەو کەرەستانەی خۆدەرخستن و خۆنیشاندانی سیاسی و ئەو ئامرازه گشتییانه‌ی به‌سیاسی کردن که‌ره‌سته و ئامرازی هه‌ڵقوڵاو له کولتور و فه‌رهه‌نگی گه‌لانن. خۆ ئینسانه‌کان رۆبۆت نین، بە زمانی ئێسپێرانتۆ قسە ناکەن یان له ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ ڕا ئه‌و شتانه ناهێنن. ئه‌وانه‌ی به کورد ده‌ڵێن نابێ دیواری ئێتنیکی هه‌بێ، بۆخۆیان له‌رێگای باڵاده‌ستیی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی فارس یا فارسگهراییهوه حه‌سارێکی ئێتنیکییان به‌ده‌وری هه‌موو ئێتنیکه‌کانی نێو ئه‌و جوغرافیا و قه‌واره‌یه‌دا کێشاوه. له باشترین حاڵه‌تدا کاتێك دەڵێن نابێ دیواری ئێتنیکی هه‌بێ، مەبەستیان ئەوەیە دەبێ له‌نێو شتێكی وه‌همی به‌ناوی مافی هاووڵاتیبووندا خۆت بتوێنیه‌وه. مافی هاووڵاتیبوون ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌بێ، شتێکی زۆر باشه. به‌ڵام پرسیارێك هه‌یه که مافی هاووڵاتیبوون به‌ته‌نیا ناتوانێ وڵامی بداته‌وه، ئه‌ویش پرسی نه‌ته‌وه‌ییه. که‌وابوو حاشاکردن یان هه‌وڵی لادانی سنووره ئێتنیکه‌کان نه‌ک ناڕه‌وا، به‌ڵکوو ناواقعبینانهشه. به‌ڵام که ئه‌وه‌مان گوت ئه‌مه به‌و مانایە نیه کە گوتار و شوناسی ئێتنیکی زەرفییەتی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌ی تێدا نەبێ. ماڵەکە هەر ماڵی ئێتنیکەکانە، به‌ڵام ده‌کرێ دیواره‌کانی ئه‌و ماڵانه په‌نجه‌ره‌یان به‌سه‌ر ماڵه‌کانی دیکه‌شدا هه‌بێ. واته دەکرێ پێکهاته‌کان و رێکخراوهكانیان خۆیان لەسەر بنەمای نەتەوایەتی پێناسە بکەن و خواستی نەتەوایەتییان هەبێ، بەڵام هه‌م له ده‌ڤه‌ری خۆیان ده‌مارگرژانه نه‌جوڵێنه‌وه و هه‌م له پڕۆسە سیاسییە گەورەکانیشدا، واته لە بازنەی گشتیی وڵات‌دا به‌شدار بن، ئه‌وده‌میش هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی تایبه‌ت به خۆیان.
باسی ئه‌وه‌ت کرد کە گوتاری نەتەوەیی ئێمەش بێ کەموکوڕی نییە. بەرچاوترینی ئەو کەموکوڕییانە چین که پێت وایه زیانی پێ گەیاندوین؟
دیارە بابەتەکە زۆر بڵاوە و ئه‌من لێره ته‌نیا ئیشارە بە هێندێک لەوانە دەکەم دیسان دەڵێم ئەو خه‌ونه کە لە زەینی مرۆڤی کورددا هه‌میشه هه‌بووه و هەیە بە بژاردە سیاسییەکانیشیەوە شتێکی مونسەجیمە. ئەو میللەتە ئازادیی دەوێ، ئازادیی خۆی دەوێ. میللەت نیە لە دنیادا ئیمکانی هەبێ کە بە ئازادی بژی و ڕەتی بکاتەوە. میللەت نیە لە دنیادا کە ئەگەر چەند هەزار کەسیش بێ پێی بڵێن دەوڵەتێکت بۆ دروست ده‌کرێ تایبه‌ت به خۆت، به زمان و هێما وموئهلهفهکانی دیکه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆته‌وه، ده‌توانی بۆخۆت به ئازادی تێیدا بژی، خۆت به‌ڕێوه ببه‌ی، چاره‌نووسی خۆت به‌ده‌سته‌وه بگری، دژمنکاریشت ناکرێ و له جامی جیهانیشدا تیمی فووتباڵی خۆت دەبێ؛ چ میللەتێک شتی وا ڕەت دەکاتەوە؟ سه‌باره‌ت به کوردیش، جیا له شۆڕشەکانی کورد له سه‌ده‌کانی پێشوودا کە مۆرکێکی ڕوونی سەروەریخوازانەیان پێوه بووه، تەنانەت لە دروستبوون و دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانیشەوە هەتا ئێستا سه‌ره‌ڕای جیاوازیی دروشمی ستراتژیک لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە چ لەسەر بنەمای زاتی، چ لەسەر بنەمای هەلومەرج (چونکە هەردووکی ئه‌وانه شوێندانه‌رن له دیاریکردنی دروشمی ستراتیژیکدا)، لەسەریەک ئامانج هه‌ر ئه‌و سه‌روه‌ریخوازییه بووه که عه‌رزم کردی. کورد له ناخی خۆیدا هه‌میشه دوورەدیمەنێکی روونی هه‌بووه و دژمنان و ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنه به‌ناو دێموکڕاتهکهی ئه‌و وڵاتانه و دنیاش ده‌زانێ که کورد چی ده‌وێ. یه‌که‌مین که‌موکوڕییش هه‌ر ئه‌وه‌یه، واته کورد پێویست ناکا لەوەدا ئێمە تەعاروف بکا. کورد ئەگەر بۆی هەڵ بکەوێ نەک پێی خۆشە حەقی خۆشیەتی سەربەخۆ بێت. بەڵام هێزی بەرپرسیار و متمانەپێکراو لەلایەن کۆمەڵگەکەی خۆیەوە بە واقعبینییەوە هەموو پارامێترەکان هەڵدەسەنگێنێ و پلاتفۆرمی خۆی دەداتە دەرێ که ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیکه‌ی غه‌یری خۆی رێک بکه‌وێ یا نا.
که‌موکوڕیی دیکه ئه‌وه‌یه که وه‌ک پێشتر باسم کرد ئەگەر ئێمە لە باری مەیدانیشهوه وەزعمان باش نەبوو، ئەوە بەو مانایە نیه که ئێمە یه‌کسه‌ر له گوتاری خۆماندا نه‌وه‌سان و ڕاڕایی دروست بکه‌ین. سووڕه‌تی مه‌سه‌له‌كه‌مان و جه‌وهه‌ری پرسه‌كه‌مان دابه‌زێنین، دایبشکێنین، یان به جۆرێك باس له بوونمان یان له به‌رپرسایه‌تیی رابردوو و ئێستامان بکه‌ین که هاودژی له‌گه‌ڵ خۆمان و لاوازی له به‌رامبه‌ر ئه‌وی دیکه‌دا نیشان بدا. چونکه ئه‌وی دیکه به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی حاکم به‌و شتانه باوه‌ڕ ناکا و به‌و قسانه نایه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت بسازێ. له عهوهزدا زیان له هێزو هیوا و متمانه‌ی گه‌له‌که‌ت ده‌ده‌ی. که‌وابوو گوتاری نەتەوایەتیی ئێمە دەبێ باوەڕبەخۆتر و قایم بەزاتتر بێ، و بە هیچ جۆر تووشی پاشکۆیەتی نەبێ. مه‌سه‌له‌ی دیکه ئەوەیە که ئەمن پێم وایە بۆ ئەوەی شتێک جێ بکەوێ پێویستە دووبارەی بکەیەوە. بۆ نموونە جەنابت و من ئەگەر ئێمە سەر بە یەک نەتەوە و لە یەک بنەماڵەی سیاسیداین، پێویستە له قسه‌كردندا ته‌واو هەماهەنگ بین. هه‌ردووکمان وه‌ک یه‌ك و پاشان هه‌م به کوردی و هه‌م به فارسی بە یەک جۆر قسە بکەین. هێندێک چه‌مک و کلیل وشه هه‌ن زۆر گرینگن و بژاردە سیاسییەکانی سەر بە گەلی حاکم لێیان شاره‌زان، پێویسته به دیقه‌ته‌وه به‌کاریان بێنین. یان هێندێک کەلێن و کولێنی سیاسی، مێژوویی و حقوقی لە گوتاری ئێمەدا هه‌یه که جاری وایە باش و‌ڵامیان نادەینەوە یان بیرمان لی نەکردۆتەوە که چۆن وڵامی بده‌ینه‌وه. بۆ هەموویشی وڵام هەیە، بەڵام نەهاتووین پێکەوە دانیشین کە ئەو وڵامانە پوختەتر، زانستی‌تر و حقووقیتر دابڕ‌ێژین. له هه‌مووشی گرینگتر لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێک و هەلومەرجەکە هەرچی بوو پێویسته هه‌موومان هه‌موو کات به‌بێ گرێ و گۆڵ بەرە و یەک دوورەدیمەن بڕوانین. ئەگەر ئێمە وەکوو بژاردەی سیاسی و کۆمەڵگەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگ و یەکگرتوو و یەکدەست بین، هەرچی بڵێین ئەوە دەیباتەوە، جا کەم بێ، یا زۆر بێ، چونکه پرش و بڵاوی نالێکی زه‌ره‌ری زۆرمان لێ ده‌دا.
حیزبێکی به‌رپرسیار وه‌ك ده‌ڵێن به‌پێی ڕیئاڵپۆلێتیک واته واقعبینانە سیاسەت دەکا. لە تەنیشتی ئەوه دەنگی ئێلیت و بژاردە و ئاکادێمیسیەن هەیە کە باس لە سەربەخۆییخوازی دەکەن. حیزبێکی بەرپرسیار چۆن دەتوانێ هەم واقعبینانه سیاسەت بکا هەم ئەو دەنگانە پشتگوێ نەخا؟
ئەمن دیسان ده‌یڵێمه‌وه گوتاری نەتەوایەتیی حیزبی دێموکرات یا ئەو وتارەی له رۆژهه‌ڵات و لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێمەدا زاڵه لە ئاکامگیریی کۆتاییدا دڵخوازه و هەڵە نییە. یانی ئەوە کە ئێستا ناڵێین دەمانهەوێ لە مەدار بچینە دەر، ئەوە دروستە و هۆکاری خۆی لەپشتە. بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم بۆشاییەک ئێستا خه‌ریکه له‌نێوان ئێمە و کۆمەڵگادا دروست ده‌بێ و ئێمە دەبێ بۆخۆمان ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە. ئەگەر چاو لێ بکەی، کۆمەڵگەی ئێمە لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ ئەوە کە به‌تایبه‌تی ئێستا زۆر له‌ژێر تەوژمی زەبروزەنگ و سه‌رکوتی ڕێژیمدایە، بەڵام لە هه‌ڵسوکه‌وت و خۆده‌رخستنیدا، له وه‌ختی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕێژیم، لەکاتی ناشتنی شەهیدەکانیدا، بە تایبەتی لە پەراوێزی شۆڕشی ژینادا زۆر سەروەریخوازنەتر، زۆر باوەڕبەخۆتر، زۆر شۆڕشگێڕانەتر لە جاران خۆی دەردەبڕێ و خۆی دەخاتە ڕوو. ئه‌وه هه‌ر شتێکی ئیحساسی نیه و مانای سیاسیشی هه‌یه و لێره‌دایه که مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه کە ئێمە لە کۆمەڵگەی خۆمان بەجێ بمێنین. دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نیە کە ئەتۆ دروشمی خۆت بگۆڕی بۆ سەربەخۆیی. بەڵام لە چوارچێوەی ئەو سەروەرخوازییەدا کە باسم کرد بە فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیکه‌ی گوتاری، بە کۆمه‌ڵێک چه‌مک و بنه‌ما و هێماسازی، ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین ده‌نگی نێوخۆی کۆمه‌ڵگای خۆمان و ئه‌و بژارده و لایه‌نانه‌ش که باست کردن ببیستین. ئەو دەنگانە نه‌ك خراپ نین به‌ڵكوو ده‌بێ یارمه‌تی بکه‌ین بەهێز بکرێن. بە مەرجێک بزانین کە بەستێنێکی هاوبەش لەنێوان هەموو ئه‌و هێزانه‌دا دروست بکه‌ین کە داوای ئازادیی کورد لە ئێران‌دا دەکەن، ئه‌وه‌ش لە چوارچێوەی سەنێتزێکی سیاسی – نه‌ته‌وه‌ییدا که ده‌رفه‌تی ئه‌وه بدا که هه‌موو بتوانن پێکه‌وه کار بکەن. ئەمن ئەو دەنگی سەربەخۆیخوازییە بە هیچ جۆر بە هەڕەشە بۆسه‌ر جێگە و پێگەی بۆ نموونە حیزبی دێموکرات نازانم، چونکە ئه‌وه‌ڵه‌ن حیزبی دێموکرات حیزبی دێموکراتە، پاشانیش زۆر نادێموکراتیک دەبێ ئەگەر ئێمە دەنگەکانی دیکە نەبیستین. به‌پێچه‌وانه‌وه بیستن و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگدانه له گوتارمان له‌ڕووی سیاسیه‌وه ته‌نانه‌ت ڕوو به ئێرانییه‌کانیش به‌رهه‌مدارتر ده‌بێ.
دوکتور با بگەڕێینهوە سه‌ره‌تاکانی شۆرشی ژینا که له‌وکاته‌دا کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتن لەنێوان ئەحزاب و بژاردەکانی کورد و فارس‌دا هه‌بوو. ڕاسته دەنگی سەربەخۆییخوازی کە جەنابت باست کرد مەشرووعیهتی هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە تۆ دەتهەوێ هەنگاو بە هەنگاو بچێتە پێش. ئایا ئەمە بەربەست ساز ناکا واته ئایا ده‌کرێ هه‌م باس له سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ی و هه‌م بچیه نێو گەمەی سیاسی له ئاستی ئێرانی‌دا. ئایا ئه‌مه هاودژی دروست ناکا؟
قسه‌ی من ئه‌وه نیه که دروشمی ئێستامان بۆ سه‌ربه‌خۆییخوازی بگۆڕین. قسه‌ی من ئه‌وه‌یه که ده‌بێ گوتاری نه‌ته‌وایه‌تیمان باوه‌ڕبه‌خۆتر و سه‌روه‌ریخوازانه بێ. بۆ ئه‌وه‌ش نابێ بابه‌تی سه‌ربه‌خۆییخوازی وه‌ک تابوویه‌ک چاو لێ بکه‌ین. وه‌ك عەرزم کردی له دنیای دێموکراتێکدا نموونه‌مان زۆره که حیزبێك جوداییخوازیشه و له چوارچێوه‌ی وڵاته‌که‌دا ئەندامیشی لە په‌رلەمان هه‌یه و جاری وایه ته‌نانه‌ت وه‌زیریشی هه‌یه. دێموکراسی ئەگەرچی مۆدێلی جیاوازی هەیە و سیستمی جۆراوجۆری سیاسیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، بەڵام لە نێوەڕۆکدا جه‌وهه‌رێکی هاوبه‌شی هه‌یه. دیاره ئه‌من لەگەڵ ئەوەش نیم کە بڵێین وەڵڵا ناو و شکڵی نیزامه‌که هیچ گرینگ نیه. ڕاسته به قه‌ولی دوکتور قاسملوو ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرینگه نێورۆکه و نابێ فریوی ناو و شکڵ بخۆین. به‌ڵام ناو و شکڵی نیزام بێ ده‌ره‌نجامیش نین. بۆ نموونە ئەگەر سیستمێک ناوی سیستمی کۆماری بوو ڕەنگە کۆماری نەبێ، بەڵام ئەگەر ناوی کۆماری نەبوو، به‌دڵنیاییه‌وه کۆماری نییه. ده‌بێ بزانین هەموو چه‌مکه‌کان و هه‌موو فۆرمووله سیاسییه‌كان ئاکام و دەرەنجامی خۆیان هەیە، واته ئەگەر بەو ڕێگایەدا بڕۆی دەگەیتە ئەو نوخته‌یه، ئه‌گه‌ر بەوی دیکەدا بڕۆی دەگەیتە نوخته‌یه‌کی دیکه. بۆیه لە بناغەوە ئەتۆ دەبێ بزانی داوای چی دەکەی و لایه‌نگری له چ سیستمێکی سیاسی ده‌كه‌ی. ڕاسته له سیاسه‌تدا هه‌موو شتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕێککه‌وتنی کۆتایی و ده‌نگی خه‌ڵک به‌ڵام وه‌ك خۆت هەتا ئاخری و دواتریش هه‌ر دەبێ دیفاع لە مۆدیلەکەی خۆت بکەی، جا ئه‌وه لە بابەتی سێکۆلاریسمدا بێ، لە بابەتی چارەسەری پرسی نەتەوایەتیدا بێ، یان لە بابەتی مەسەلەکانی دیکەی پێوەندیدار بە بنەما و کۆڵەکەکانی دێموکراسی. ئێستا هیچ نەبووە، ئه‌تۆ نابێ واز لە هەموو شتێکی خۆت بێنی. به‌تایبەتی لە شۆڕشی ژینادا کە لەلای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێندێک جه‌مسه‌ر و سێلێبێرتی لەپڕ بەرجەستە بوونەوە و هێندێك که‌س پێیان وابوو دەبێ ئێمەش ده‌موده‌ست وه‌دوایان بکه‌وین، ئەوە شتێکی خراپە. سه‌باره‌ت به پرسیاره‌که‌شت، نه‌خێر هیچ هاودژی نیه، چونکە ئەوە زۆر نادێموکراتیکە کە لایەنی ئێرانی بە ئێمە بڵێ بە مه‌رجێک لەگەڵتان دادەنیشم کە ئەو دەنگانە کپ بکرێن کە داوای دەرچوون لە مەدار دەکەن! گرینگ ڕێککەوتنە لەسەر پلاتفۆرمێکی کۆتایی. لە یاریی سیاسی‌دا بە سوێند و نییەت هیچ ناکرێ، به‌ڵکوو به گه‌ره‌نتی ده‌كرێ و به‌رهه‌می سازانه‌که ده‌بێ گه‌ره‌نتیی بۆ دابنرێ. ده‌نا چ گەرەنتییه‌ک هەیە که مەسەلەن لایه‌نی به‌رانبه‌ریش بە قەولی فارس لە ژێری نادا. مادام وایه بۆ دەبێ ئێستا هیچ نەبووە ئه‌من بڵێم باشە ئەو دەنگانەی داوای زیاتر لەوە دەکەن کە ئێمە نوێنەرایەتیی دەکەین، دەبێ کپ بکرێن. ئێمه له ئێستادا هیچ ئامرازێکی ئه‌ندازه گرتنی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆیی خوازی و دەنگی خۆشمانمان نییه، چونکە لەمێژە حیزبەکانمان ڕاسته‌وخۆ لە هیچ هەڵبژاردنێکدا بەشدار نەبوون هه‌تا بزانین خه‌ڵك به‌ڕاستی له‌گه‌ڵ چیه. ئه‌من پێم وایه هه‌م ده‌نگی سه‌ربه‌خۆییخوازی که دیاره ده‌نگێکی ڕێكخراو نییه و هه‌م وتاری سیاسیی ئێستامان ئه‌وه‌نده زەرفییەت و ئینعتافیان تێدا هەیە کە سه‌نتێزێکیان لێ دروست بکه‌ین و به کۆی ئه‌و ده‌نگانه ماڵێکی تازە و سازوکارێكی تازه‌ی گوتاری بنیات بنێین که بۆ نموونه بتوانێ ببێته جێگره‌وه‌ی ناوه‌ندیی هاوکاری.
نوێنه‌رانی بیری ناسیۆنالیستیی ئێرانی که له‌ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی فارسە زۆر جار ناوی دوکتور قاسملوو دێنن که کاتی خۆی گوتوویه‌تی کەس بە قەت ئێمە ئێرانی نییه. دەمهەوێ بپرسم غایەتی ئەندێشەی ڕێبه‌رێكی وەکوو دوکتور قاسملوو کە به‌رپرسیارانه ڕێبەریی کردوە و جەنابیشت زۆر شارەزای ئەندێشەکانی ئه‌ویت، چیه لەو بابەتە؟ ئەو ئێرانی بوونە له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه چۆن پێناسە ده‌کرێ، ئێران وه‌ک جۆگرافیایەکی سیاسی یان وه‌ك ناسنامه‌یه‌کی گشتییه؟
دوکتور قاسملوو کاریگەریی سەردەمی خۆی بەسەرەوە بووە و کەسێک نەبووە لە دەرەوی کۆمەڵگە و سەردەمی خۆی هاتبێ. که‌سێكی پراگماتیستیش بووه و یەکجار زۆر خەمی ئەوەی بووە ئەو تەزادە زاتییانەی مەسەلەی کورد پێیانەوە گرفتارە ئاشت بکاته‌وه یان ئەو پارامێترە بێ ڕۆحمانەی واقعی سیاسی کە پرسی کوردیان ده‌ور داوه، بیانگۆڕێ. به‌ڵام بۆ هەموو کەس ڕوونە کە خەسڵەتی نەتەوایەتی یەکجار له بیر و کرداری سیاسیی دوکتور قاسملوودا بەرجەستە بووە، چ به هۆی ئه‌و پاشخانه‌وه که هه‌یبووه وهه‌ر له گەنجییهوه ده‌بینین که چ ئاکامگیرییه‌کی بۆ تێزی دوکتۆراکەی کردووه و چ دواتر که ڕێبه‌رایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی کردووه. جه‌وهه‌ری باوه‌ڕی دوکتور قاسملوو باوه‌ڕێکی تۆخی نه‌ته‌وایه‌تییه که به زانستی خۆی تیۆریزه‌ی کردوه و به پڕەنسیپی نوێی دیموکراتیک و ئینسانییش ده‌وڵه‌مه‌ندی کردوه. ئه‌و هه‌م له وتاریدا هه‌م له هەڵسووکەوتی دا ته‌عبیری له باوه‌ڕبه‌خۆبوونێكی قووڵی کوردی کردوه. ئه‌وه‌ش که لە قۆناغێکی دیاریکراودا بۆ یارمەتی دان بە دروستبوونی به‌ستێنێکی گونجاوی سیاسی قسه‌یه‌کی کردوه، هیچ دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌و باوه‌ڕه به‌هێزه نه‌ته‌وایه‌تییه نییه. تازه هیچکام لە دەربرینەکانی دوکتور قاسملوو لەگەڵ ئەو دوورە دیمەنە متمانەبەخۆیە کوردییەی دژایەتیی نەبووە و باس و بابەتی ئێرانی بوونیش ڕاست بەو جۆرە بووه کە باست کرد، واته ئێرانی بوون ئەو ئێرانی بوونە نییە کە دەسەڵاتی حاکم یا شۆڤنیستی فارس مه‌به‌ستیه‌تی، به‌ڵکوو ئه‌وه که ئێمه لە جوغرافیایه‌ک و له قه‌واره‌یه‌کی گشتیدا دەژین ئێمە که ناوی ئێرانه. ئه‌و بابه‌ته بۆیه گرینگه که ئێستا هێندێک لە ڕووناکبیرانیش دەرگیری ئەو باسه بوون کە ئایا کوردستان کۆلۆنییه یا نا. ئەگەر لەڕووی قانوونی نێونەتەوەییەوە بۆ بابه‌ته‌كه بچین، ده‌زانین که مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا به شێوه‌یه‌کی گشتی ڕاگه‌یه‌ندراوه. به‌ڵام وەختی خۆی شتێک هەبوو بە ناوی تێستی 'ئاوی سوێر' دەیانگوت ئه‌و مافه تەنیا ئەو گه‌لانه ده‌گرێته‌وه که له‌نێوان وان و دەسەڵاتی حاکم به‌سه‌ریاندا ئاوی سوێر واته ئۆقیانووسەکان هه‌ن، واته ده‌سه‌ڵاتێك چووه داگیری کردوون. دواتر ئه‌وه قبووڵ کرا که ئه‌و گه‌لانه‌ش که حکوومەتێکی نادێموکراتیک و سەرکوتکەر حاکمییەتیان به‌سه‌ردا ده‌کا و ئاپارتایدی ئێتنیکییان به‌سه‌ر به‌ڕێوه ده‌با، ئەوانەش مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیه. ته‌نانه‌ت دادگای لاهه ڕایگه‌یاند که یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی جیابوونه‌وه‌ی گه‌لێك قه‌ده‌غه ناکا. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی ئەو پێوەر و پێناسه حقووقییه سه‌ره‌تاییه کۆلۆنی یان خاکێك نیه که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئیستعمارییه‌وه داگیر کرابێ، بەڵام له‌ڕووی گوتارییه‌وه ده‌توانین هه‌م پشت به‌و گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی ببه‌ستین هه‌م به‌تایبه‌تی بڵێین که کوردستان مامه‌ڵه‌ی کۆلۆنیالیستیی لەگەڵ کراوە و سیاسه‌تی داگیرکارانه‌ی له‌سه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌توانین لە مشت و مڕ لەگەڵ فارسه‌کان و باقی ئێرانییەکاندا هێندێك چه‌مک و بنه‌ما به‌کار به‌رین که ئەو دوورە دیمه‌نه ڕزگاریخوازانهیهی باسم کرد بپارێزێ.
ناوەندێکی وەکوو ناوەندی هاوکاری به چ شێوه‌یه‌ک دەتوانێ کۆمەڵێک خاڵی جەوهەریی نەگۆڕ که وڵامده‌ری چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی خۆی بێ پەسەند بکات بۆ ئه‌وه که کورد بەو خاڵانەوه بچێتە سەر میزی وتووێژ؟ چونکه ئێستا خەڵکێکی زۆر هەیە ناڕازین و ده‌ڵێن ئێمه له‌ڕاده‌به‌ده‌ر نەرمی دەنوێنین، بۆ نموونه ناوێرین له مێدیایه‌كی فارسی‌دا بڵێین مافی خۆمانه ئه‌گه‌ر جیاش ببینه‌وه یان ناوێرین بڵێین کوردستان‌مان هەیە ناوچه‌ی کوردنشینمان نییە. به ڕای جه‌نابت ناوه‌ندێكی وا چۆناوچۆن ده‌توانێ ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بکا؟
هەر ئەو نموونانه‌ی هێناتنەوە بە باشترین شێوە مەبەستەکەی من دەگه‌یه‌نێ. مەسەلە ئەوەیە ئێمە ده‌مانه‌وێ چ فەرهەنگێکی سیاسیی دیکە لە فەزای گشتیی کۆمەڵگەی ئێران‌دا زاڵ بکەین. به دڵنیاییه‌وه ئێرانییه‌کان ئه‌وه‌مان بۆ دروست ناکەن. ئەو بەستێنە ئەتۆ دەبێ دروستی بکەی چونکه ئەتۆ غەدرت لێ کراوه، ئەتۆ ڕۆئیایه‌کی دیکەت هه‌یه و لایەنگری مۆدێلێکی دیکەی. ئەوەش ئالیەتی خۆی پێویسته. ئه‌گه‌ر جەنابت هەتا ئێوارێ قسه‌ی چاک بکه‌ی و به‌و جۆره ته‌عبیر له خواستی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد بکه‌ی که شایانیه‌تی، مادام ئه‌من له‌گه‌ڵت هه‌ماهه‌نگ نه‌بم به هیچ کوێ ناگەین، چونکه با له‌باری گوتاری و ڕه‌فتارییه‌وه کاریگه‌رییه‌کی ڕێژهییشت له‌سه‌رم هه‌بێ، لە کۆتاییدا ئه‌گه‌ر به ئه‌ندازه‌ی حیزبی دێموکڕاتیش گه‌وره بی، هێشتا هه‌ر دەرسەدێکی سنوورداری یارییه‌كه‌ت له‌ده‌ست دایه. بۆیە هەر مەجبوورین زەرفێکی نیهادی دروست بکەینەوە جا چ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونی ناوه‌ندی هاوکاری چ له چوارچێوه‌یه‌کی فراوانتردا که لە بەستێنی سیاسی و له بواره ستراتژییه‌کانی هه‌رمان و ئایندهی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ڕوانگه و ڕێکاری هاوبه‌ش بداته ده‌ست. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین شتێک دروست بکه‌ینه‌وه که وه‌ک ناوه‌ندیی هاوکاریی به‌سه‌ر نه‌یه، پێویسته خۆمان زیاتر به دیاریکردن و به‌هێزکردنی بنه‌ماکانیه‌وه ماندوو بکه‌ین، واته کۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی بنه‌ڕه‌تی که زۆر شت ده‌گرێته‌وه. نزیکترین و زه‌روورترین شت کە هەمیشە بۆ کورد سه‌رچاوه‌ی دەردێکی گەورە بووە و لاوازی کردووه، موناسباتی نێوخۆیی بزووتنەوەی کورده. بۆ ئه‌وه‌ش که ئه‌و موناسباته به شێوه‌یه‌کی پایه‌دار چاکتر بکرێ، هیچ مه‌رج نیه لەسەر ستراتێژیی نەتەوەیی ڕێک بکەوین. که‌رامه‌تی مرۆڤی کورد و خوێنی شه‌هیده‌کان و زه‌رووره‌تی میلله‌تێکی هه‌ڕه‌شه‌له‌سه‌ر وا ده‌کا که به تهعههودهوه له‌سه‌ر ئه‌وانه ساغ بینه‌وه. پاشان دێینە سەر بابەتە سەختترەکان کە چیمان دەوێت؟ بە چ کەرەستەیەک کار دەکەین؟ قۆناغبەندییەکانمان چین؟ ئەگەر خۆمانی پێوە ماندوو بکەین، ئەگەر خودکەفا نەبین و کەڵک لە توانای بژاردەکانمان وەربگرین (بە تایبەتی ئەوانەی وا له مێژووی میلله‌تی خۆیان نامۆ نین و ده‌یناسن، له ڕه‌گی ئیراده‌ی میلله‌تی خۆیان ناده‌ن و ناڵێن خه‌تای ئێمه بوو که که‌وتینه کێوان!)، ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان (به‌ده‌ر له‌وه که جێگه و پێگه‌ی هه‌ر حیزبێک چیه) به ته‌وازوعی سیاسیی ته‌واوه‌وه پێکه‌وه دانیشن و گوێ له بژارده‌ی ناوخۆش ڕابگرن چونکه ئه‌وه ئه‌و شته‌یه که کۆمه‌ڵگا له ئێمه‌ی ده‌وێ، ئه‌وده‌م ئەمن پێم وایە ئەو زەرفییەت و توانایه‌مان هەیە کە ئالیه‌تێکی ئاوا که هەموو ئەو وڵامانەمان بۆ دابین بکا دروست بکه‌ین. به‌ڵام دیسان ده‌ڵێم خۆ پێوه ماندووکردنی ده‌وێ. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به دوو کاتژمێر و له یه‌ك لاپه‌ڕه‌دا بیبڕێنینه‌وه، هیچی لێ دروست نابێ.
بابه‌تێکی دیکه ئه‌وه‌یه که هێڵی سوور هه‌بێ یا نا. وابزانم یەکەم پەسەنکراوی ناوەندیی هاوکاری حەرامکردنی شه‌ڕی براکوژی بوو که شتێکی زۆر باشه. به‌ڵام به گشتی هێندێک که‌س ده‌پرسن ئێمه بۆ هێڵی سوورمان نییە؟ ئه‌دی بۆ فارس هه‌یه‌تی، بۆ نەتەوەکانی دیکە هەیانە؟ ئایا پێویست ناکا کوردیش بۆ چەند شتێک هێڵی سووری هەبێ، له‌سه‌ر بابه‌تی چاره‌نووسساز، نەک بە مەعنای دۆگم بوون؟
به‌ڵێ، هەبوونی هێڵی سوور بە هیچ جۆر بە مانای دۆگماتیست بوون نییە. مرۆڤێک دەکرێ هێڵی سووری نەبێ هەتا میللەتیك نەیبێ؟! بێگومان ده‌بێ هێڵی سوورمان هه‌بێ. وشەی حەرامکردنت بەکار برد. ڕەنگە بۆ ئێمه ئه‌مه له‌ڕووی ئێتیمۆلۆژییەوە بارێكی مەزهەبیی تێدا بێ. به‌ڵام لە قانوونی ئەساسیی فەڕانسەش دا کۆمەڵێک شت حەرام کراون. ئه‌وه ئه‌و شتانه‌ن که بۆ وان هێڵی سوورن. ئه‌گه‌ر له وڵاتانی دێموکڕاتیکدا هێڵی سوور هه‌بێ، بێگومان گەلێکی کە هەڕەشه‌ی ژێنۆسایدی له‌سه‌ره و بژارده‌کانی ئه‌و گه‌له‌ش ده‌بێ هێڵی سووریا‌ن هه‌بێ. بەڵام کێشەکە دیسان له‌و خۆپێوهماندووکردنهدایه که باسم کرد. واته نه‌هاتووین بیر بکه‌ینه‌وه و ڕێک بکه‌وین که چ شتێك هێڵی سووره، چ له بواری چه‌مک و هێما و گوتاری ستراتژیکدا و چ له بواری تاکتیک و مانۆڕی سیاسی‌دا. گوتاری نەتەوایەتیی ئێمه ده‌بێ پته‌و و باوه‌ڕبه‌خۆ و دوورڕووان بێ، له هه‌مان کاتدا گوتارێک بێ که زه‌رفیه‌تی هه‌بێ و بتوانی له‌سه‌ر عه‌رزی واقیع کاری پێ بکه‌ی. جا ڕێك لێره‌دایه واته له بابه‌تی زه‌رفیه‌تی گوتاریدا که هێندێك جار له‌و شتانه که ده‌بوو هێڵی سوور بن تێده‌په‌ڕین، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به گفتگۆ و کارله‌سه‌رکردن چاره‌سه‌ر ده‌بێ.
وه‌ك دوا پرسیار ئایا گوتاری نەتەوەیی کورد چ له ئێستادا و چ ئه‌وه‌ی وا له داهاتوودا ده‌بێ کاری بۆ بکرێ، گوتارێكی هێژێمۆنیخوازه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و گوتاره هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر گه‌لانی دیکه یان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌توانێ دەرفەتێک بێ بۆ ئەوانیش کە هاوکات کە خاوەنی ڕەنگ و دەنگی خۆیانن بتوانن پێکه‌وه بژین؟
ئەمن پێم وایە کە هەموو ئەو خه‌باته کە کورد کردوویەتی به شێوه‌ی قایم بە زات هه‌قی خۆیه‌تی چونکه میللەتێکی جیاوازە، واته ئەگەر کورد دەوروبەرەکەشی ئاوا له‌گه‌ڵێ بێڕۆحم نەبایە، هه‌ر هەقی خۆی بوو بڵێ مادام نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازم و خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆمم، قەوارەی خۆمم دەوێ، جا ئەو قەوارەیە لە هەر شکلێکی سیاسی و حقووقیدا بێ. کە چاو لە مێژووی سێ سه‌ت ساڵی ڕابردووی کورد ده‌که‌ی، هەرچی ئه‌و گه‌له کردوویەتی خەبات بووە نه‌ك بۆ سه‌پاندنی هێژێمۆنیی خۆی به‌ڵکوو بەدژی هێژێمۆنی و مه‌زنیخوازیی ئەوانی دیکە بەسەریدا. کورد به‌دوای هێژێمۆنی به‌سه‌ر که‌سدا نیه، به‌دوای ئه‌وه‌یه که له ماڵی خۆی حاکمی خۆی بێ. ئه‌وه‌ش هێژێمۆنیخوازی نیه، ههقخوازییه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و شته که ئه‌من ناوی ده‌نێم باری سروشتیی شته‌کان. کورد بە تەبیعەتی خۆی، هەموو دنیاش شایه‌تیی بۆ دەدا، میللەتێکی دەمارگیر و دەمارگرژ نییە نە لە بواری مەزهەبی نە لە بواری ئێتنیکی چ ئەگەر ڕۆژێک بەشێکی یا هەمووی بەسەریەکەوە سەربەخۆ بێ، چ ئەگەر به ڕێگای دیکه‌دا مافه نهتهوایهتییهکانی به‌دی بێنێ. ئه‌و خیسله‌ته‌ی کورد له ڕابردوودا سه‌لمێندراوه و له ئێرانیش له‌دوای شۆڕشی ژیناوه فارسه‌کان بۆخۆیان دانیان پێداناوه که گه‌لێکه که خۆی و بژارده‌کانی بیرکراوهن و بنیاتگه‌را نین. (دیاره ده‌بێ وریای هێنێدێک له‌و ستایشانه‌ی ئه‌وان له کورد بین و نابێ فریوی هه‌موو قسه‌یه‌ک بخۆین چونکه زۆر جار له پشتیه‌وه مه‌زنیخوازی خۆی حه‌شارداوه و زۆرتر بۆ ده‌ست بادانی ئێمه‌یه!). به‌هه‌رحاڵ کورد نایهه‌وێ له هه‌قی که‌س بخوا به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش نابێ له‌وه که هه‌قی بێئهملاوئهولای خۆیه‌تی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پاشگه‌ز بێته‌وه.
سپاس دوکتور بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت دا.
ئێوەش ماندوو نەبن