کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کاتی شۆڕشی ژینا

00:32 - 16 خاکەلێوه 2724

نەهیە خۆشکەلام

«…لێم مەدە، کە بۆچی گۆرانی دەڵێم، من کوردم، باوانی من ئەویندارییان، دەردەکانیان، خەبات و بوونیان لە گۆرانی و سروودەکاندا بۆ من بە یادگار بەجێ هێشتووە. دەزانم کە ئازارت دەدات، بەڵام من دەبێت بێژم و تۆ دەبێ ببیستی و گوێ لە گۆرانییەکەم بگری. من مەدە بەر لێدان و ئەشکەنجەم مەدە!  لە بەر ئەوەی کە لەکاتی ڕێ ڕۆیشتندا دەنگی پێیەکانم دێت، ئاخر دایکم فێری کردووم بە هەنگاوەکانم لەتەك زەویدا قسە بکەم. لە نێوان من و خاکدا پێوەندییەک هەیە و پەیمانێك کە زەوی پڕ لە جوانی و پڕ لە خەندە بکەم…»

زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کورتە فیلمانەی کە لە نەورۆزی ڕۆژهەڵات گیراون، من چەندین جار دوبارە و دوبارە لێم داوەتەوە و هەموو جارێک بە دیتنی ئەو فیلمانە کەوتومەتە یادی فەرزادی کەمانگەر و نامەکانی. بە دڵنیایی دیتنی نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵات زۆرینەمانی پەلکێشی وڵاتی ئەوین و خۆر کردەوە و جارێکیتر پرسی خاک و نیشتمانی سەرلەنوێ کردەوە بە ڕۆژەڤ و ئەسپاردییە دەست نەسیمی دەم ئەتڵەسی دەمەوبەهاران تا ڕۆح بە بەر وشەکاندا بکات، تا بە زایەڵەی سەمفونیایەکی ئەرخەوانی بە باڵای چیاکانی ئەم دەڤەرەدا هەڵبگەڕێت و ماچ لە گۆنای ئەستیرە بدات بۆ دوبارە لە دایکبوون و نۆتەی هەرمان بۆ میللەتێک بچڕێتەوە کە قورسایی مێژوویەک خەبات لەپێناو مان و نەمانی لە پەراوێزی جیهاندا لە سەر شانە. بەرخۆدانێک کە گشت جارێک ڕێک لەو کاتانە کە هەمووان پێیان‌وایە ئیتر ئەمە کۆتاییە، دوبارە قەقنەس ئاسا سەرلەنوێ لە خۆڵەمێشی خۆێدا لە دایک دەبێت و سەرهەڵئەداتەوە.

دیمەنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و وانەکانی بە وێناگەلێکی جیاوازتر لە جاران بۆمان دێنە پەیڤین و نیگاری تابلۆیەکی نوێی بێ‌وێنەمان بۆ دەنەخشێنن، سنووری مەڵبەندێکی تازەمان بۆ دیاری دەکات کە ئاوسی لە دایکبوونی مانیفستێکی نوێیە و وەڵامێکی نوێی بۆ ئاڵۆزییەکانی پرسی کوردستانی پێیە، دەڤەرێک کە بۆتە سەنتەر و بەرەو ئەوە دەچێ تا گۆڕانکاری لەو وێژمان و نۆرمی سیاسی/ کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییەدا دروست بکات کە تا ئێستا باو بووە و ماڵباتی کوردی ئەو سیاسەتەی بەڕێوە بردوە. پارادایمێکی تازە کە خەریکە دەخوڵقێت و دەچێت تا لە بنەڕەتەوە زۆر شت هەڵتەکێنێت!

بۆ دوبارە نووسینەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان با سەرێک لە ڕووبەری پانتای بەرفراوانی نەوڕۆزێ ئەمساڵ بدەین، نەوڕۆزێک کە گەلێک جیاوازترە. نەورۆزێک کە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی سەرلەنوێ داڕشتەوە و بە کولتووری سیاسی تایبەت بە خۆی خەریکە تا باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە ببەستێتەوە و هێور هێور خەریکە ناوچە دابڕێنراوەکان دەگەڕێنێتەوە تا قەڵەمڕەوی کوردستانی بەرفراوانتر بکات. نەورۆزیک کە داوێنی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسی پڕاوپڕ لە شەکانەوەی هەوری و گوڵوەنی و گوڵی سوور و جامانەی ئاڵا و واڵا کرد.  نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزێکە لە جنسی داربەڕووەکانی نیشتمان کە ڕەگ و تان و پۆێی بە ناخی ئەو عەرزەدا چۆتە خوار و پڕ لە جوانی و لێوانڕێژە لە هێماکان و نمایشتی ڕەسەنایەتی دەکات!

نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات نەورۆزێک بوو کە لە نەوعی خوێدا نەک لە وڵاتی ئێران بەڵکوو لە گشت ئەو ناوچەدا بێوێنە بوو. پاش ئەو قوربانی و سه‌ركوته‌ به‌رده‌وامه‌ی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای شۆڕشی ژینا بە خۆیەوە بینی زۆربەمان پێمان وابوو کە لەوانەیە مەودایەک بخایەنێ تا ڕۆژهەڵات دوبارە هەڵبستێتەوە، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات لە مەودای ئەم دووساڵەدا واتە لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا بۆ کات و ساتێکش نەوەستاون و زیندووتر لە هەمیشە بە کەڵک‌وەرگرتن لە مۆدێڕنترین ئامرازەکانی دنیای سەردەم و بە دیموکراتترین شێوازکان پێشەنگایەتی خەباتێکی فرەڕەهەندی بەرفراوان دەکەن کە بۆتە پارادایمێک و بنەڕەتی و بەکاوەخۆ خەریکە تا گشت ڕووداو و بۆنەکان بکوردێنێت و خوێنێکی تازەی خستۆتە دەماری خەباتی نەتەوەیی میللەتی کورد و جار لە گەڵ جار بە ئاکتەکانیان ڕامان دەچڵەکێنن.

هەر لە شۆڕشی ژیناوە بیگرە تا ئەم نەورۆزە کە ژن تیایدا بۆتە ناوەند و بزوێنەری سەرەکیی ئەو خەباتە و هەروەها پرسی ژن تیایدا بەتەوه‌ر کراوە. هەر خودی بەتەوه‌ربوونی پرسی ژن گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست کردوە و بۆتە هەناوی وێژمانێکی نوێ کە تەنانەت ڕۆحی کردەوە بە بەر دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» و ئەو دروشمەی کرد بە هەژموونی کە نەک بە تەنها وڵاتی ئێرانی داگیر کرد، بەڵکوو پریشکی هاویشت و سنووری تێپەڕاند و گشت جیهانی هێنایە جۆڵە و تەنانەت ڕوخساریکی نوێی مافخوازانەی بە ڕەوایی پرسی کوردستان بەخشی و تێڕوانینێکی مەعریفی نوێی سەبارەت بە خەباتی گەلی کورد خوڵقاند، گەلێک کە سەرەڕای ئەوەی بێوچان بە درێژایی مێژوو مەجبوور کراوە چەکدار بێت، چیتر لە دەلاقەی لولەی تفەنگەوە نادوێت تا وەڵامی ئەو شەڕە داپڵۆسینەرە داسەپاوە وێرانگەرە چەکدارییە بداتەوە کە داگیرکەر پێمان دەفرۆشێت، بەڵکو تەواوی ئەو کەرەسە و پاشخانە مەعریفی و کولتووری و فەرهەنگی و هونەری و تەنانەت نەریتیەکانیش لەپێناو باسکردن و هەروەها مسۆگه‌ر کردنی باس و خواستی خۆی دەکوردێنی و دەیکات بە ئەکت تا خەباتی پێ بکات. میللەتێک کە هێدی هێدی دەڕوا تا باس و خواستی سەروەریی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە کولتوور بکات و گشت بۆنەکان دەقۆزێتەوە تا بیکات بە دەرفەت بۆ دەربڕین و پێشاندانی شوناسخوازی سیاسی/ کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کورد. جا ئەگەر وێژمانی شەقامی کوردی، گوتار و پەیامی خەڵکانێک کە لەنێو چەقی ڕووداوەکان و لە ژێر دەستی دەسەڵاتیکی داگیرکەری تا سەر ئێسقان توندوتیژ ناوی «ڕئاڵپۆلتیک» نەبێت، نازانم چیتر هەیە کە بتواندرێ ئەو ناوەی لە سەر بنرێت؟

لە گشت ئەو بۆنانەی کە نەورۆزی ئەمساڵ کران گەر دایک یان باوک یان کەسوکاری شەهید و گیانبەختکردوویەکی لێ بووبا، ئەوان هەوەڵین کەسەکان بوو کە دەبوونە پێشەنگ و مەشخەڵیان پێ‌دەدرا هەتا ئاگری نەورۆز دابگیرسێنن. ئەوان بوون کە بە دەم ئەسرین و گریانەوە چۆپییان دەکێشا و جاریکتر پەیمانیان لە گەڵ زێد و خاک نوێ دەکردەوە. کاتێکیش کە دەهاتنە گۆ هیوا و بڕواکانیان کە تەژییە لە ناسۆری برینیکی سارێژ نەکراو ئاوێتەی زەردەخەندەیەکی ئەفسوناوی دەکرد و دڵیان دەکردنە لانکە و زەریائاسا جەستەی زامداری ئەو خاکەیان دەلاواند و بە مزگێنی هەڵاتنی خۆر دەستیان بە سەر ئاسۆ دوورەدەستەکاندا دەگرت و بە باڵای ڕۆژدا هەڵدەچوون تا لەنێو مێرگی شینی ئاسمانی کوردستان سەمفۆنیایی تاڤگەیەک لە ئامانجە مرۆییەکان بچڕنەوە، تا پەل بهاوێژنە نێو دوورترین خانەکانی ڕۆح و پەرجوو دەخوڵقێنن و شادەماری خەباتێکی فرەڕەهەندی کوردستانی دەبوژێننەوە. بەڵێ، ئیرە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە کاتی شۆڕشی ژینا.

ڕیچارت هاس لە کتێبی "سیاسەتی دەرەوە لە ماڵەوە یان لە ناوەوە دەست پێ دەکات"دا، باس لەوە دەکات کە مامه‌ڵەی ناوەوەیە لە درێژخایەندا سیاسەت و ڕوانگەی دەرەوە دادەڕێژێت. بۆ نموونە باس لە وڵاتی ئامریکا دەکات و ئەوە کە وڵاتی ئامریکا پێش ئەوەی لە دەرەوە هێز بێت، لە نێوەوە بوو بە هێز و کرا بە ئایدیا و پراکتیزەی ئەو ئایدیایە لە نێوەوە دەست پێ دەکات. ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت برووسکەی جێگیربوونی ئەو ئایدیایە کە خەریکە مومارسەی پێ دەکرێت و بە کاوەخۆ دەچێ تا دەست بە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئاسایی/ کۆمەڵایەتی/ ئابووری و سیاسی و ژینگەیی ڕۆژهەڵاتدا بگریت و ئاویتە لە گەڵ بەستێنی گشت بۆنەکان دەبێت و پەلدەهاوێژێتە ناو کەلەپوور و هونەر و شێعر و ئاواز و تەواوی وزە و هێزی وەگەڕ دەخات بۆ خزمەتی پراکتیزە کردنی ئایدیای کوردستانی بوون.

بەهار هەر دێت

 پێش بەم بەهارە ناگیرێت

ئەگەر باخچەش بگەچڵێنن

 ئەگەر هەموو دارستانیش بسووتێنن

 بەهار هەر دێت

 پێش بەم بەهارە ناگیریت!*

شێعرێک لە نووسینی ک.د.ئازاد*