لە درێژەی شەپۆلی بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان دژی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی، زیاتر لە ٣٠٠ هونەرمەندی بواری مووزیک لە ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و تووماج ساڵحییان بە ''هاواری داوا ڕەواکانی نەسڵێک لە ئێران'' ناساند و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراویان کرد.
لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، هاتووە: "لەم ڕۆژانەدا کۆمەڵگەی مووزیک لە ئێران لە شۆکێکی ترسناکدا نوقم بووە. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو هونەرمەندە گەنجە، لەسەر تۆمەتێکی درۆ، کردەوەیەکی باوەڕپێنەکراو و دڕندە لە مێژووی مووزیکی هاوچەرخی ئەم وڵاتەیە".
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، داوای ئازادکرانی تووماج ساڵحی، سامان یاسین، شەیدای هەمەدانی، عەزیز قاسم زادە و هەموو کەسانی ناڕازییان کردووە و نووسیویانە: "با ئەم خەڵکە نیگەرانە هێندێک ئارامی ببینن."
هاوکات دە بەندکراوی سیاسی ڕۆژی یەکشەممە لە نامەیەکی کراوەدا لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج ڕایانگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی " لووتکەی پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە".