کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: ئێران سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل تووشی دووبەرەکی بووە

10:47 - 16 خاکەلێوه 2724

بڵاڤۆکی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی کۆبوونەوەی بەپەلەی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی ڕێژیمی ئێران دوای کوژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دەمیشق نیشانی دەدات کە لە نێوان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا دووبەرەکی دروست بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی فەرماندەکانی سپای پاسداران بە ماف و ئەرکی خۆی دەزانێت، بەڵام دەزگای سیاسی-ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لە نێوان لایەنگرانی هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشێکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانیەوە تووشی دووبەرەکی بووە.

بە وتەی ئەو بڵاڤۆکە ئەوانەی لەگەڵ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیلن دەڵێن کاردانەوەی ناهەستیاری تاران بە نیشانەی لاوازیی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت. لەلایەکی دیکەوە هەندێک کەسی دیکە دەڵێن کاردانەوەی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی و تەنانەت شەڕیش، کە پێویستە بەهەموو نرخێک خۆی لێ بەدوور بگرن.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی فاینەنشناڵ تایمز لە زاری بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێرانەوە نووسیویەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و عەلی خامنەیی بانگەشە بۆ بۆچوونی دووەم دەکەن، واتە کاردانەوەی ناڕاستەوخۆ و دوورکەوتنەوە لە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەفسەرێکی پێشووی ئیتلاعاتی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەمە سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە، واتە هەڕەشە دەکات، بەڵام هەنگاویکی جیددی نانێت. کۆماری ئیسلامی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی یان مۆحسێن فەخریزادە بە هەمان شێوە هەڵسوکەوتی کرد. ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: ''بەرپرسانی ئێران زۆر باش دەزانن که نابێ له دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە ئیسرائیل زیاتر هان بدەن.''

هەر لەو پێوەندییەدا گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هەر کردەوەیەک لە دژی ئیسرائیل باجێکی گەورەی دەبێت.