کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لاوازە و لە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت

11:26 - 16 خاکەلێوه 2724

باڵوێزی پێشووی فەرانسە لە سووریە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فەرانسە ٢٤" ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی کونسولخانەی ئێران هەنگاوێ بەرەوپێش چووە، چوونکە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لەوێدا کۆبوونەوەیان هەبووە.

میشێل دۆکولۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە چیتر ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هیچ ترسێکی نەماوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل قۆناغێکی نوێێ تێپەڕ کردووە و لە حاڵی تاقیکردنەوەی ئاستی دانبەخۆداگرتنی ڕێژیمە.

دۆکۆلۆ زیادی کردووە "دوور دەبینێت کە سەرکردەکانی ڕێژیم سەبارەت بەم هێرشە کاردانەوەیەکیان هەبێت چوونکە ئێران لە ئێستادا لاوازە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، دەترسێت".

هەرچەند بە باوەڕی ئەم دیپلۆماتە فەرانسەییە ڕێژیمی ئێران ناچارە کە بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی خۆی، کاردانەوەیەکی ڕواڵەتیی هەبێت، بەڵام تا ئەو ئاستە نابێت کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر بکات.

باڵوێزی پێشووی فەرانسە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان ڕایگەیاندووە لە ڕوانگەی ئەوەوە ئیسرائیل هیچ هێڵێکی سووری لە هێرشکردنە سەر کونسولخانەی ڕێژیم تێنەپەڕاندووە، چونکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناتوانێت کۆبوونەوەی ئامادەکاریی بۆ هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل لە کونسولخانەدا ئەنجام بدات.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق کە لە ئاکامدا ٢ فەرماندەی باڵای سپای قودس و ٥ کەسی دیکە لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.