کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد بە هۆکاری نادیار لە زیندانی مەشهەدەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە

11:53 - 16 خاکەلێوه 2724

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە ڕایگەیاند سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و سووکایەتیکردن بە ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە ئێستادا بە هۆکاری نادیار لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەدەوە بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە.

گواستنەوەی  پەروانە لە مەشهەدەوە بۆ تاران لەکاتێکدایە کە بە هۆی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە شاری قووچان سەر بە پارێزگای خوڕاسانی ڕەزەوی خۆی داوای گواستنەوەی بۆبەندیخانەی مەشهەدی کردبوو.

یەکەم دانیشتنی دادگای سەکینە پەروانە لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوەچوو و دوای ڕاگەیاندنی ئەو سزایە دادگا هێشتا ڕێگەی بە پارێزەری دیاریکراوی نەداوە کە دەستی بە دۆسیەکەی ڕابگات و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو سزایە دەرببرێ.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکانی سەکینە پەروانە، ڕۆیشتنی بۆ سەر مەزاری عەلی موزەفەری، یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا لە شاری قووچان بووە.

سەکینە پەروانە لە ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ لە شاری مەشهەد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لە ٢٥ی خاکەلێوەی هەمان ساڵدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد ڕاگوێزرابوو.

هەروەها ناوبراو نەخۆشی دڵ و کێشەی هەناسەدانی هەیە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی مەشهەد ڕێگریان لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان کردووە و پەیوەندییە تلفۆنییەکانی لەگەڵ بنەماڵەکەی تەنیا بە ئامادەبوونی پاسەوانانی زیندان و قسەکردنی بە زمانی فارسی بووە.

ناوبرا پێشتریش لە ساڵەکانی ١٤٠١ و ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم بە تۆمەتگەلی جیاواز دەسبەسەر کرابوو و کۆتا جار لە ۲۶ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ دوایی تێپەڕاندنی چوار ساڵ زیندان ئازاد کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، سەکینە پەروانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کە دەسبەسەرکرابوو، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ دانپێدانانی زۆرە تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ببوو و هەروەها چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە.