کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەورۆزی ئەمساڵدا ٨١٣ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە

12:21 - 16 خاکەلێوه 2724

لە دەسپێکی نەورۆزی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران ٨١٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢١ هەزار کەسیش برینداربوونە.

بە وتەی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران نزیکەی ١٠٠ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەکانی ئێران تۆمار کراوە کە لە ٦٦٧ حاڵەتی ئەو ڕووداوانە ٨١٣ کەس گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لەم ماوەیەدا ١٧ هەزار و ٥٦ حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆ هەبووە، کە ٢١ هەزار و ٤٤١ کەس لەو ڕووداونەدا بریندار بوون.

ئەحمەد شیرانی، بەرپرسی ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتوچۆ ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان ڕایگەیاند کە ئەمە ئاماری سەرەتایی پێوەندیدار بە قوربانییانی شوێنی ڕووداوەکەیە، هەروەها ئاماری یەکلاکەرەوەی قوربانیان لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە ڕادەگەیەنرێت.

ئاژانسی نوور نیووز، سەر بە شۆرای ئەمنییەتی باڵای ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، مردن بەهۆی ڕووداوی هاتۆچۆ لە ئێران لەگەڵ ئاماری یەکیەتیی ئورووپا کە ٢٧ وڵات و ٤٥٠ ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت، بەرابەری دەکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە، کە نزیکەی دوو هێندەی کۆی ئەو کەسانەیە کە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا کوژران.

داتای ئاماری دەری دەخات کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران ٢٠ هێندەی ستانداردی جیهانییە و لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەشدا لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٠ هەزار کەس بە حەشیمەتی کەمئەندامی ئێران زیاد دەبن.

ناستانداربوونی ماشینەکان، خراپبوونی ڕێگاوبانەکان و هەروەها گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بەم بابەتە، بە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان دێنە ئەژمار.