کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز

12:39 - 16 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز بە مەبەستی پاکوخاوێن ڕاگرتنی ژینگە لە ڕۆژی ١٣ بەدەردا، ڕێنوێنیی خەڵکیان کرد.

ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز بە وەستان لەسەر جاددەی سەرشیو، جاددەی بۆکان، جاددەی بانە، ڕێگەی مەلقەرەنی، جاددەی کانینیاز و ڕێگەی قەوخ جارێکی تر بە بیرخستنەوە و ڕێنوێنیی خەڵک داوایان لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی ژینگە بەپەرۆش بن.

ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لەم چالاکییەدا بە پێدانی کیسەی زبڵ داوایان لە خەڵک کرد کە پاشماوەی سەیرانەکەیان لە سروشتدا بەجێ نەهێڵن و بە گەڕاندنەوەی بۆ شوێنی تایبەت لە ناوشار پێش بە پیسبوونی ژینگەی نیشتمان بگرن.

ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراوجۆر، ڕۆڵێکی گرینگیان لە پەرەدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی و پاراستنی ژینگەی کوردستان گێڕاوە.